چەند لایەنێکی سیاسی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن

له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، بڕیاره ڕۆژی شه‌ممه، دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای شاره‌كه به‌رێوه‌بچێت، بانگه‌وازیش بۆ گشت هێزه‌كانی كه‌ركووك كراوه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شداربن، پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی له کەرکووک ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه به‌شداری له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بكه‌ن و به نایاسایی ناوی ده‌به‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی له 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار بۆ یه‌كێتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش بۆ عه‌ره‌ب هەڵبژێردران، 19 پۆستیش بۆ تورکمان دەستنیشانکرا، بەڵام تورکمانەکان ڕەتی دەکەنەوە ئه‌و پۆستانه وەربگرن و دانیشتنه‌كه‌ی هۆتێل ڕه‌شید به ناده‌ستووریی و نایاسایی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه بڕیاره ڕۆژی شه‌ممه، له‌سه‌ر داوای محه‌مه‌د خافز، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، ئه‌نجوومه‌نی شاره‌كه بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێك كۆببێته‌وه، له‌به‌رانبه‌ردا، هه‌ریه‌كه له به‌ره‌ی توركمانی و پارتی سیاده‌ی سوننه‌كان بڕیاری بایكۆتكردنی دانیشتنه‌كه‌یان داوه. تائێستا پارتیش به‌فه‌رمیی یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه به‌شداری له‌و دانیشتنه‌دا ده‌كات یاخود نا.
سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاری كه‌ركووك، بەرەی تورکمانی عێراق ئاشكرایكردووه، بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنى پارێزگاى دووپاتدەکەنەوە، لایەنى رێگەى پێدراو بۆ پێشکەشکردنى ناوى کاندیدان، فراکسیۆنەکەیانە و ئێستا سکاڵایەکیان لە دادگا هەیە، بۆیە ناکرێت هیچ هەنگاوێک بنرێت بەر لە دەرچوونى بریاری یەکلاکەرەوەی دادگا، ئه‌و ڕۆژەى بۆ کۆبوونەوەکە دیاری کراوە، پشووى فەرمییە و دەیانەوێت ئەو پێشێلکارییانە تەواو بکەن کە لە هۆتێل رەشید دەستیان پێ کرد.
هه‌رچی پارتی سیاده‌یه، هه‌ڵوێستی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ئاشکرا کردووە و ده‌ڵێت، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه سیاسییانه‌ی به‌شێك له هاوبه‌شه‌كانمان له‌و پارێزگایه كردوویانه و تێیدا پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب فه‌رامۆشكراوه، بڕیاریانداوه بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌ن بكه‌ن. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، هه‌رگیز به په‌راوێزخستن ڕازی نابن، بۆیه له ڕێگه‌ی بایكۆته‌وه ره‌تیده‌كه‌نه‌وه دان به شه‌رعیه‌تی پێكهێنانی ئیداره‌ی پارێزگا و ئه‌نجوومه‌نی شاره‌كه‌دا بنێن.