شارەزایەکی ئابووری: ئێران، عێراق وەکو زۆنی ستراتیجی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت

گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەختی عێراق
گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەختی عێراق

K24 – هەولێر:

بەپێی شارەزایەکی ئابووری، ئێران؛ عێراق وەکو زۆنی ستراتیجی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت، بە بۆچوونی ئەو بەهۆی ئەوەی عێراق پشت بە ژێرخانی وزەی ئێران دەبەستێت ناتوانێت دەستبەرداری هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە ئێران ببێت.

پەیوەندی ئابووری نێوان ئێران و عێراق بەهێزە ئەمەش لە ئەنجامی زنجیرەی ئەو پەیوەندیە سیاسییانە دروست بووە کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا لەنێوان حکوومەتی هەردوو وڵاتدا هەبووە،  بە بۆچوونی شارەزایەکی ئابووری، ئێران؛ عێراق بە بەشێک لە زۆنی ستراتیجی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت، هەر بۆیە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی هەناردەکردنی گاز و کارەبا ئێران پەیوەندی ئابووری توندوتۆڵی لەگەڵ عێراقدا هەیە.

نەوار سەعدی، شارەزای ئابووری نێودەوڵەتیی ئاماژە بەوە دەکات، سزاکانی ئەمەریکا توانای ئێرانی لە جێبجێکردنی پڕۆژەی گەورە و فراوانکردنی کاریگەرییە ئابوورییەکانی لە عێراق ئاڵۆز کردووە، بەبۆچوونی ئەو لەهەمانکاتیشدا بەهۆی پێگەی ئێران لە عێراق توانای ئەمەریکا لە کەمکردنەوەی ڕۆڵی تاران ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە بەو پێیەی عێراق پشت  بە ژێرخانی وزەی ئێران دەبەستێت و بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گازی سرووشتی لە ئێران هاوردە دەکات.

سەعدی دووپاتیدەکاتەوە پشتکردنە هاوردەکردنی وزە لە ئێران تەنیا کاردانەوەی لەلایەن ئەو وڵاتەوە نابێت بەڵکو بەهۆی هەژموونی تاران کاردانەوەکان لەناوخۆی عێراق توندتر دەبن.

هەروەها بەبۆچوونی ئەو شارەزای ئابوورییە لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندییەکانی ئێران، ئەو وڵاتە دەتوانێت بە چەندین رێگە ڕووبەڕووی ئەمەریکا لە عێراق ببێتەوە بەتایبەت بە کەڵک وەرگرتن لە پێگەی سیاسی و ئابووری.

لای خۆیەوە موخلەد حازم، پسپۆڕی ئەمنی بە ئاماژەدان بە کاریگەری و بەریەککەوتنەکانی ئەمەریکا و ئێران لە عێراق دەڵێت: لەبەر رۆشنایی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی نێوان میلیشیاکان و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، میلیشیاکان چاوەڕێی هەنگاوی دواتری ئەمەریکان، ئەگەر جوڵەی هێزەکانی ئەمەریکا لە دژی بنەمای سیاسی و سەربازی ئەوان بێت میلیشیاکان پێگەو بارەگاکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەنە ئامانج.

دەشڵێت: میلیشیاکان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لە هەر دەرفەتێکی گونجاودا بەرەچاوکردنی ئەو دۆخەی کە لەناوچەکە دەگوزەرێت لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە چالاکییەکانیان دەست پێبکەوە.

Fly Erbil Advertisment