ڕووسیا هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سووریا و توركیا دەدات

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت: مۆسکۆ پشتیوانی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی تورکیا و سووریا دەکات و بنەمایەکی باشیش بۆ گفتوگۆکان داندراوە.
12 ساڵە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا له ڕووی دیپلۆماسییهوه پچڕاون، بەڵام هەوڵەکان و دەستپێشخەرییەکانی ئەم چەند مانگەی ڕابردوو، کە وڵاتانی نێوهندگیر و خواستی هەردوو وڵات بۆ ئەم پرسە ئاماژەن کە گفتوگۆکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان قۆناغی باشیان بڕیوە.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەسەر ئەو پرسە رایدەگەیەنێت: مۆسکۆ بە توندی پاڵپشتی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا دەکات. بەگوتەی ئەو بەهێزی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە خزمەت بە پێشخستنی یەکلاکردنەوەی پرسەکان و ئاسایشی ناوچەکە دەکات.
ئاماژە بەوەش دەکات گفتوگۆکان بەرەوپێشچوونیان بەخۆیانەوە بینیوەو بنەمایەکی باش بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان داندراوە.
هەروەها بەپێویستی دەزانێت هەماهەنگییەکان بەردەوام بن بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگییەکان.
هاوكات باڵیۆزی تورکیا لە ئێران داوا لە تاران دەکات رۆڵی زیاتر ببینێت لە ئاساییکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەو ، دەشڵێت: سووریا جگە لەوەی دراوسێمانە لەرووی کولتووریشیەوە نزیکە لێمان.