بەلجیکا.. زیاتر لە 35 هەزار کەس لە شەقام و پارکەکان دەخەون

بەگوێرهی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، لە بەلجیکا ژمارەی کەسانی لانەواز و پەرتەوازەی سەر شەقام و پارکەکان ڕوو لەزیادبوونە.
ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایان کردووە لە سەرتاسەری بەلجیکا زیاتر لە 35 هەزار کەسی لانەواز و بێحاڵ و دەرەتان هەن و لەسەر شەقام و پارکەکان دەخەون.
بە هەر شەقام و کۆڵانێکی برۆکسل تێبپەڕیت، دیمەنی کەسانی دەربەدەر و بی دەرەتان دەبینیت کە خواردن و حەسانەوەیان لەسەر شەقامەکان و شوێنی خەوتنیان لە ناو پارکەکاندایە.
شێرنۆر سەدو، زیاتر لە دوو ساڵە بە گوتەی خۆی لەناو پارکەکاندا دەژی و دەڵێت: هەندێکجار لەلایەن حکوومەتەوە هاوکارییەکی کەم وەردەگرین، بەڵام خانوو و شوێنی مانەوەمان بۆ دابین ناکات. ئێمە هەمیشە لەم پارکەدا دەژین و ژیانمان سەختە. هەر لە ئێستاوە خەمی گەورەمان زستانمە، چونکە لێرە کەش و هەوا زۆر سارد دەبێت.
توێژەرێکی کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، زۆربوونی کەسە بێلانەکان کاریگەرییەکی خراپی کۆمەڵگای بەلجیکا دەبێت، هەر بۆیە بە ئەرکی حکوومەتی دەزانێت مامەڵەیەکی مرۆییانە لەگەڵ ئەو بێدەرەتانانەدا بکات.
جیم دو بیشۆب، توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: بێلانەکان لە مەرگەساتدا دەژین، ئەوەش لەوانەیە لەسەر کۆمەڵگاکەمان کاریگەری هەبێت. بۆ نموونە توندوتیژی بکەن یان هەر خراپەکارییەکی دیکەی لەدەستیان بێت، چونکە ئەوان هەوڵ دەدەن هەرچۆنێک بێت بژین. هەربۆیە لەسەر حکوومەت پێویستە کاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بکات و قسە لەگەڵ بێلانەکان بکات و بەچاوێکی مرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
بەلجیکا لە سێ هەرێمی سەربەخۆ پێک هاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بێ ماڵ و حاڵن لە هەرێمی ڤلاندرز زیاتر لە 19 هەزارە و لە هەرێمی والۆنیا زیاتر لە نۆ هەزار کەسن، لە هەرێمی برۆکسل کە پایتەختی وڵاتەکەیە زیاتر لە حەوت هەزار کەسی بێلانە و دەرەتان هەن.