یەکێتی ناوچەیەکی دیکەی کوردستانی ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد

دوای ڕادەستکردنی کەرکووک و چەندین ناوچەی دیکەی کوردستان؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-08-2024، یەکێتی ناحیەی کۆڵەجۆشی ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد.
ناحیەی کوڵەجۆ سەر بە قەزای کفرییە. ناوچەیەکی کشتوکاڵیی گەورە و دەوڵەمەندە، دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکیی کەلار – گوڵاڵە، بە دووری 15 کیلۆمەتر لە قەزای کەلار، سەرجەم دانیشتووانی کۆڵەجۆ و گوندەکانی دەوروبەری کوردن.
هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان ڕایگەیاند، هێزەکەی حەشدی شەعبی کە نزیکەی سێ هەزار چەکدارن؛ بە 200 ئۆتۆمبێل، شۆفڵ، هامەر و کەرەستەی سەربازی دیکەوە دەستیان بەسەر ناحیەی کۆڵەجۆدا گرتووە، چەندین سەنگەریان لێ داوە و گوتوویانە: بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی هاتووین و هەر لایەنێک ڕێگریمان لێ بکات، ڕووبەڕووی دەبینەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنی دەستی کەوتوون، یەكێتی فەرمانی بە لیوای پێنجی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، ڕووبەڕووی هێزەکەی حەشدی نەبنەوە، چونکە ڕێککەوتنیان لەگەڵ کردوون.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، هێزەکەی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر بیرە نەوتەکانی کۆڵەجۆدا گرتووە و هیچ هێزێکی پێشمەرگە لە نزیک بیرە نەوتەکان نەماوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان؛ لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، یەکێتی پارێزگای کەرکووک و چەندین ناوچەی دیکەی کوردستانی، ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد.