تیروپشکی ناوی حاجییان بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە پێشووتر فۆرمیان پڕ کردووەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کورستان ڕایگەیاند، بە بڕیاری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، ئەوکەسانەی پێشتر فۆرمیان پڕکردووەتەوە ناویان دەخرێتە ناو تیروپشک بۆ حەجی ساڵی 2025.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کورستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان د. پشتیوان صادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڕیاری دا، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە بکرێت، کە پێشووتر فۆرمیان پڕکردۆتەوە بۆ چوونە حەجی ساڵی 2025.

پشکى جێگیرى ساڵانەى عێراق بۆ حەج 33 هەزار کەسە، بەڵام ساڵانە سعوودییە ژمارەکە زیاد دەکات، دەستەی باڵای حەج و عومرەش باسی لەوە کردووە پشکی پارێزگاکان بە گوێرەی ژمارەی خەمڵێندراوی دانیشتووان دەبێت کە لە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە پەسەند کراوە.

هەروەها بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کرد، لە کاتێکدا کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.

 

 

Fly Erbil Advertisment