گۆڕان مانگی داهاتوو ڕێکخەری گشتی هەڵدەبژێرێت و بەشداریکردن لە هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە

K24 – سلێمانی:
وابڕیارە بزووتنەوەی گۆڕان مانگی داهاتوو ڕێکخەری گشتیی نوێی بزووتنەوەکەی هەڵبژێرێت و چەند بڕیارێک لەبارەی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی بدات.
26ـی ئابی 2024، سەرچاوەیەک لە نێو بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆژانی (8 یان 9ـی ئەیلوولی 2024)، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕێکخەرێکی گشتیی نوێ بۆ گۆڕان هەڵدەبژێرێت کە دانا ئەحمەد مەجید، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی، یەکێکە لە بەهێزترین کاندیدەکان.
بەپێی سەرچاوەکەی نێو بزووتنەوەی گۆڕان، ڕەنگە هەر لەو کۆبوونەوەیەی جڤاتی نیشتمانی بڕیار لەسەر بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بدرێت.
هاوکات سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: مەبەست لەو هەنگاوانەی بزووتنەوەکە بۆ خۆڕێکخستنەوەی نێوخۆیی گۆڕان و ئاشتکردنەوەی ئەو سەرکردە و هەڵسوڕاوانەیە کە لە بزووتنەوەکە دوورکەوتوونەتەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی بباتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، هاوپەیمانییەکی بۆ هەڵبژاردن پێکهێنابوو، هاوکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2023، بڕیاریدا بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردن نەکات.
بزووتنەوەی گۆڕان یەکێکە لە لایەنە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە 2018، توانی 12 کورسیی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا لە دوو خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی کورسییەکانی زیاتر بوون.
بزووتنەوەی گۆڕان لە 25ـی تەمموزی 2009 دامەزراوە و لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە ئایاری 2017، لە هەڵبژاردنێکی نێوخۆیی بزووتنەوەکە، عومەری سەید عەلی بە ڕێکخەری گشتی گۆڕان دیاریکرا.