سەرۆک ئەرکانی گشتیی ئۆکرانیا: لە 14 شوێنی ئۆکرانیا شەڕ بەردەوامە

هێزەکانی ئۆکرانیا توانیان ناوچەیەکی فراوانی خاکی ڕووسیا کۆنترۆڵ بکەن، ئەمەش لای شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتەوە، بەتایبەتی کە ڕووسیا دوو ڕۆژ لەمەوبەر گەورەترین هێرشی ئاسمانیان کردە سەر خاکی ئۆکرانیا.

پێشتر، زێلینسکی لە وتارێکیدا بۆ باڵیۆزەکان لە کیێڤ باسی لەوە کردبوو، چەکدارانی ئۆکرانیا دەستیان بەسەر زیاتر لە 1250 کیلۆمەتر چوارگۆشەی ناوچەی کورسک و 92 شارۆچکەدا گرتووە.

لەهەمان کاتدا، جەنەراڵ ئاپتی ئالادینۆڤ، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ڕووسیا ئاشکرای کردبوو "نزیکەی 12 هەزار سەربازی سوپای ئۆکرانیا لە سنووری هەرێمی کۆرسک پەڕیونەتەوە خاکی ڕووسیا کە ژمارەیەکی زۆریان چەکدارانی بیانیین و زۆربەشیان کوژراون".

ڕۆژی سێشەممە، 26ـی ئابی 2024، سوپای ڕووسیا ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا شارۆچکەی کۆمیشێڤکا لە نزیک پۆکرۆڤسکی هەرێمی دۆنێتسکیان کۆنترۆڵ کردووە، هەر لەوبارەوە کیێڤ داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد شوێنەکانیان چۆڵ بکەن، هاوکات ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دانی بەوەدا نا، کە دۆخی ئەم بەرەیەی شەڕ لەڕادەبەدەر قورسە.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممەش، سەرۆک ئەرکانی گشتیی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە "دۆخەکە لە کەرتی پۆکرۆڤسکدا ئاڵۆزبووە و شەڕێکی توند لە ژمارەیەک گوندی نزیک شارەکە بەردەوامە".

سەرۆک ئەرکانی گشتیی ئۆکرانیا باسی لەوەش کرد "تا ئێستا ڕووسیا 38 جار هەوڵی هێرشکردنە سەر شوێنەکانی ئۆکرانیا داوە، هەروەها لە 14 شوێنیش شەڕ بەردەوامە".

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە "سەرۆکی ئیدارەی سەربازی لە کیێڤ، سێرگی پۆپکۆ ڕایگەیاندووە، بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا زیاتر لە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسییان لەماوەی چوار ڕۆژدا خستووەتە خوارەوە".

لای خۆیەوە، ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری ناوچەی بێلگۆرۆدی ڕووسیا، ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە "بەهۆی بۆردومانی ئۆکرانیا بۆ سەر شارۆچکەی شچێبیکینۆ، هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوونە".

دەیڤید کۆهین، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا (CIA) دوێنێ لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە هەواڵگری و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا هێرشی پێچەوانە دەست پێ دەکات بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زەویانەی کە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا لە هێرشە کتوپڕەکەیاندا لە ناوچەی کورسک کۆنترۆڵی کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ڕووسیا ڕووبەڕووی شەڕێکی قورس دەبنەوە.

هەروەها وڵاتانی ناتۆش بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کرد، کە ڕووسیا بە "بێ جیاوازی" بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ئۆکرانیا دەکات.

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دەبێت بەردەوام بین لە دابینکردنی ئەو ئامێر و تەقەمەنیانەی کە ئۆکرانیا پێویستیەتی بۆ بەرگریکردن لە خۆی، ئەمەش بۆ بەردەوامبوون لە شەڕکردن زۆر گرنگە". 

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئاماژەی ڕایگەیاندبوو، بێلاڕووسیا بەپاساوی مەشقی سەربازیی، هەزاران سەربازی لە سنوورەکانی ئۆکرانیا کۆکردووەتەوە، ئەمەش داهاتووی باش نابێت، گەر بەزووترین کات پاشەکشە بەو هێزانە نەکەن.

جەخت لەوەش دەکاتەوە، بەهۆی گوشارەکانی مۆسکۆ، ئۆکرانیا دەیان سەکۆی هەڵدانی مووشەک، درۆن، تانک و زرێپۆشی لە سنوورەکانیان کۆ کردووتەوە.

وەزارەتی دەرەوە ڕوونیشی کردەوە، هۆشداری دەدەینە بیلاڕووسیا ئەگەر پێشێلی سنوورەکان بکات ئەوە ئۆکرانیا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتە بەر بەمەبەستی بەرگری کردن لەخۆی، کە لەمیساقی  نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.

لە شوباتی ساڵی 2022، ڕووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا، کە تا ئێستا شەڕەکە بەردەوامە و دەیان هەزار کەس کوژراون و ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەبوون.

Fly Erbil Advertisment