عارف ڕوشدی: سەرۆکوەزیران مهسرور بارزانی دژایهتیی گهندهڵی دهكات بۆیه ڕهخنهی لێ دهگیرێت

K24 – هەولێر:
ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: سیاسەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دژایەتیکردنی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە و، هەمیشە بیر لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستورییەکانی خەڵکەکەی دەکاتەوە و سازش ناکات. گوتیشی: جەنابیان پێداگیرە لەسەر گەڕانەوەی سەرجەم مافە زەوتکراوەکانی کورد.
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: پارتی هەمیشە حزبی یەکەمی بێ ڕکابەر بووە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق، هەروەها حزبێکی ڕەسەنی کوردایەتییە و لەو بواری کوردایەتیدا رووبەڕووی هیچ حاڵەتێکی سازش نەبووەتەوە.
ئەو ڕاوێژکارەی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت: هەر کاتێک سەرکردایەتیی حکوومەت لەلای پارتی بووبێت بە بەرنامەیەکی تۆکمە باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵکی کوردستان کردووە بەبێ جیاوازی، کە ئەمەش بووەتە هۆکاری بەخشینی متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەو حزبە.
ئاماژەی بەوە کرد، پارتی بەردەوام دەبێت لە هەڵکشان، پارتی هیچ کاتێک سڵی لە هەڵبژاردن نەکردووەتەوە، بەڵکو هەمیشە داوای ئەوەی کردووە کە هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێن، چونکە لەلای پارتی هەڵبژاردن پرۆسەیەکی سیاسی دیموکراسییە بۆ ئەوەی پێشبڕکێ هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ خەڵک و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و دەستوورییەوە.
ناوبراو باسی لەوە کرد، پارتی بزووتنەوەیەکی نیشتمانی دیموکراتییە و شوێنی خەڵکانی نیشتمانپەروەرە، هەموو ئەو خەڵکانەی کە لە لایەنە سیاسییەکان جیا دەبنەوە دێن پەیوەندی بە پارتییەوە دەکەن و یەکانگیر دەبن لەگەڵ ئاراستە سەرەکییەکەی پارتی کە نیشتمانپەروەرییە.
عارف ڕوشدی، دەڵیت: بەردەوام لایەن و کەسایەتی و سەرکردایەتی لایەنەکانی دیکە پەیوەندی بە پارتی دەکەن، کە ئەمەش نەریتێکی باڵای پارتییە و سەرنج ڕاکێشە لەلایەن هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی، ئەو ڕاوێژکارەی مەکتەبی سیاسی پارتی، گوتی: ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر پارتی و بە تایبەتی کەسایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ناڕەوان، جەنابیان سەرکردەیەکی خاکییە و هەمیشە لە مەیدانی کارکردندا ماندوو نەبووە و دەبێت لایەنەکان سوپاسی بکەن نەک هێرشی بکەنە سەر.
سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر جار بە تەنیا شان دەداتە بەر بەرپرسیارەتی و ئەرکە قورسەکان، زۆر جار لە ئەرکە قورسەکان بە تەنیایە و هیچ لایەنێک ناوێرن شان بخەنە ئەو بەرپرسیارەتییە.
جەختی لەوە کردەوە، سیاسەتی سەرۆکوەزیران دژایەتیکردنی گەندەڵیی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە، هەمیشە بیر لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستورییەکانی خەڵکەکەی دەکاتەوە و سازش ناکات، هاوکات جەنابیان پیداگیرە لەسەر گەڕانەوەی سەرجەم مافە زەوتکراوەکانی کورد.
باسی لەو پەلامار و هێرشانە کرد کە دەکرێنە سەر پارتی و ڕوونی کردەوە، ئەو پەلامار و هێرشانەی لایەنەکان بۆسەر پارتی، هۆکارێکن بۆ زیادبوونی دەنگەکانی پارتی، سیاسەتی هێرشی ناڕەوای لایەنەکان سیاسەتێکی شکستخوواردووە و سەرکەوتوو نابێت.
گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە یەکچاو سەیری هەموو پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، سەرباری ئەوەی ڕێگری لێ دەکرێت بەڵام جەنابیان بەردەوامن لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیاوی دەوڵەتدارییە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە درێژایی مێژوو لە هەڵبژاردن نەترساوە و لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە 1992 تاوەکوو ئێستە حزبی ژمارە یەکی کوردستان و عێراقە و بێ رکابەرە. پارتی لە ساڵی 1992ەوە بەشداریی لە 12 هەڵبژاردنی گشتیی کردووە و لە تەواوی هەڵبژاردنەکان متمانەی زۆربەی دەنگدەرانی بەدەست هێناوە.