وادەی بەڕێوەچوونی قۆناغی گەمارۆسازیی و ژمارەدانان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت

سەرۆکی دەستەی ئامار دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەی داهاتوو، قۆناغی گەمارۆسازیی و ژمارەدانان، لە چوارچێوەی سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان، لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.
دووشەممە، 02-09-2024، سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێستە پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەدان لە عێراق، لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان دەستی پێ کردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەی دیکە دەست پێ دەکات".
سیروان محەممەد باسی لەوەش کرد "بەهۆی دەرنەکردنی ڕێنماییەکان لە کاتی خۆیدا و خەرجنەکردنی بودجەی پێویست، ئامادەکارییەکانی تایبەت بە پرۆسەی سەرژمێری لە پارێزگاکانی عێراق، بەراورد بە هەرێمی کوردستان، 12 ڕۆژ زووتر دەستی پێ کردووە؛ ئەمەش وایکردووە پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەدان لە هەرێمی کوردستان دوا بکەوێت".
سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە "خولی دووەمی ڕاهێنانی سەرپەرشیار و بەڕێوەبەرانی پرۆسەی گەمارۆسازیی و ژمارەدان لە چوارچێوەی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و ئاواییەکان لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و بڕیاڕە خولەکە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام بێت".
دوای تەوابوونی خولی دووەمی ڕاهێنانی سەرپەرشیار و بەڕێوەبەران، پرۆسەی گەمارۆسازیی و ژمارەدان لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات. بە گوتەی سەرۆکی دەستەی ئامار، زیاتر لە هەشت هەزار بەڕێوەبەر و یاریدەدەر بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغەکە ئامادە دەکرێن.
سەرۆکی دەستەی ئامار پێیوایە پرۆسەی گەمارۆسازیی و ژمارەدانان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو مانگ بخایەنێت. گوتیشی: پرۆسەکە بۆ دیاریکردنی چڕیی دانیشتووان لە هەر یەکەیەکی کارگێڕی بە تەواوی باڵەخانە و کارگە و شوێنەکان گرنگە.
ژمارەیەک بڕگەی پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەکردن:
- کۆکردنەوەی زانیاریی خێزان و ئەندامانیان
- کۆکردنەوەی زانیاریی کرێکار و کارمەندی دامەزراوەکان
- ژماردنی باڵەخانە و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان
- ژماردنی گوند، کۆمەڵگە، ناحیە، قەزا و پارێزگاکان
بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، سەرژمێری گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت. بڕی 300 ملیار دینار بۆ سەرژمێری گشتیی دانیشتووان تەرخانکراوە و پشکی هەرێمی کوردستان لەو گوژمەیە 38 ملیار دینارە.
یەکەم سەرژمێری لە عێراق لەساڵی 1927 کراوە و ئەنجامەکانی هەڵوەشێندرایەوە دوایین سەرژمێریش لەساڵی 1997 کراوە، بەهۆی لەخۆ نەگرتنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دان بە ئەنجامەکانیدا نەندراوە.
ڕۆژی 31ـی ئایاری ئەمساڵ سەرژمێریی ئەزموونی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و پرۆسەکە ماوەی 14 ڕۆژ بەردەوام بوو.
بەبۆچوونی توێژەران کردنی سەرژمێری ناکۆکی مێژوویی لەسەر مافی حکومڕانی لەناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسییەکان لە دەرەنجامەکانی سڵ بکەنەوە.