سێنتکۆم: کەشتییەکی سعوودی لەلایەن حووسییەکانەوە پێکرا

فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم"، ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کەشتییەکی نەوتهەڵگر بەناوی "Amjad" کە ئاڵای سعوودییەی لەسەر بووە، لەلایەن حووسییەکانەوە لە دەریای سوور پێکراوە.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی 2ـی ئەیلوول، حووسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی هەڵگری نەوتی خاو، کەشتیی (MV Blue Lagoon 1) کە ئاڵای پەنەمایان لەسەرە و لە لایەن یۆنانەوە بەڕێوەدەبرێت، و کەشتیی (MV Amjad ) کە ئاڵای سعودییە و خاوەندارێتی دەکرێت و بەڕێوە دەبرێت، بە دوو مووشەکی بالیستی و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، هەردوو کەشتییەکە پێکراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوو کەشتییەکە نەوتی خاویان بارکردووە، کەشتییەکە (MV Amjad)  دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە، کە نزیکەی دوو ئەوەندەی نەوتی ناو کەشتیی یۆنانی (MV Delta Sounion)ە، کە لەلایەن حووسییەکانەوە لە 21ـی ئابدا پێکرا.

فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەم کردەوە و هەڵسوکەوتە بێباکانەی حوسییەکان، مەترسین بۆ سەقامگیریی بازرگانیی ناوچەیی و جیهانی، هەروەها ژیانی دەریاوانە مەدەنییەکان و ئیکۆسیستەمی دەریایی دەخاتە مەترسییەوە.

سێنتکۆم لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی کردەوە، کە بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی بازرگانی و کەم کردنەوەی کاریگەرییەکان لەسەر ژینگە سەرەڕای کردەوەکانی حووسییەکان.

حووسییەکانی یەمەن ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی چۆنایەتییان کردووە و کەشتیی "Blue Lagoon 1"یان لە دەریای سووردا پێکاوە.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعوودییە و کەشتییەکی دیکەی نەوت کە ئاڵای پەنەمایان هەڵکردبوو، لە دەریای سووری کەناری یەمەن هێرشیان کراوەتە سەر.

ڕۆیتەرز ڕاگەیاند، ئەو دوو تانکەرە بە ناوەکانی Amjad کە ئاڵای سعودیەیان هەڵکردووە و "Blue Lagoon 1" کە ئاڵای پەنەمایان لەسەرە، لە نزیک یەکترەوە ڕۆیشتوون کاتێک هێرشیان کراوەتە سەر، بەڵام هەردوو کەشتییەکە توانیویانە گەشتەکانیان بەبێ زیانی و برینداربوونی تیمی کەشتییەکە بەردەوام بن.

لای خۆیەوە دەسەڵاتی هێزی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند، کەشتییەکی بازرگانی بە دووری 70 میل دەریایی لە باکووری ڕۆژئاوای سەلیفەوە لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن پێککراوە، لە ئێستەدا هەوڵەکان دەدرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو زیانانەی ڕوویان داوە.

هەروەها کاپتنەکە ڕوونیکردەوە کە هێرشی سێیەم لە نزیک کەشتییەکە ڕوویداوە و هیچ بریندارێک لە تیمی کەشتییەکەدا نەبووە و بەردەوامە لە گەشتەکەی بۆ بەندەری داهاتوو بەپێی پلانی بۆ دانراوە.

چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوی یەکەم، دەسەڵاتێکی دەریایی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا کە ڕاپۆرتێکیان پێگەیشتووە سەبارەت بە ڕووداوێکی دیکە بە دووری 58 میل دەریایی لە ڕۆژئاوای شاری حودەیدە لە یەمەن، کاپتنەکە ڕوونی کردەوە، هیچ بریندارێک لەنێو ئەندامانی تیمی کەشتییەکە نەبووە و کەشتییەکە بەردەوام بووە لە گەشتەکەی بۆ بەندەری داهاتوو.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە حوسییەکان هێرشی دەریاییان دەست پێ کردووە. بە گوتەی خۆیان پەلاماری ئەو کەشتیانە دەدەن کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و بەرەو بەندەرەکانی دەچن، ئەمەش وەک پشتیوانییەک لە فەڵەستینییەکان کە ڕووبەڕووی سوپای ئیسرائیل دەبنەوە لە کەرتی غەززە.

Fly Erbil Advertisment