سێنتکۆم: دوو سیستەمی مووشەکی حووسییەکانمان لەناو برد

هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، هێزەکانیان دوو سیستەمی مووشەکییان لە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەن تێکشکاند.

فەرماندەیی ئەمەریکی لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (USCENTCOM) سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی دوو سیستەمی مووشەکی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، دەرکەوتووە ئەم سیستەمانە مەترسیین بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە. هەروەها ئەم ڕێوشوێنانە گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و سەلامەتترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتییە ئەمەریکییەکان، هێزەکانی هاوپەیمانان، و کەشتییە بازرگانییەکان.

پێشتر بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، سێنتکۆم ڕایگەیاند "کەشتییەکی نەوتهەڵگری Amjad کە ئاڵای سعودیە لەسەر بووە لەلایەن حووسییەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر".

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، حووسییەکان هێرشی دەریاییان دەست پێ کرد و بە گوتەی خۆیان پەلاماری ئەو کەشتیانە دەدەن کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و بەرەو بەندەرەکانی دەچن، ئەمەش وەک پشتیوانییەک بۆ فەلەستینییەکان کە ڕووبەڕووی سوپای ئیسرائیل دەبنەوە لە کەرتی غەززە.

Fly Erbil Advertisment