لە خورماتوو تەنیا یەک باخی خورما ماوە

لە خورماتوو، تەنیا یەک باخی خورما ماوە، ئەویش دۆخی باش نییە و دار خورماکانی نەخۆشن، نەخۆشییەکە بە شێوەیەکە کە قەدی دارخورماکان کون دەبن پاشان سیس دەبن و دواتر دەکەون.
حازم عەبد، باخەوانێکی دوزخورماتووە، قسەی بۆ کوردستان24 کردووە و دەڵێت: تەنیا ئەم ساڵ زیاتر لە 30 دارخورما لە باخەکەدا کەوتووە، ئەگەر وابڕوات دوو ساڵی دیکە هیچ دارێک لە باخەکەدا نامێنێت.
هەروەها هەر دارێکی دار خورما تەمەنی دووسەد ساڵە، ئاویشمان نییە هەموو باخچەکان لەناوچوون هیچ باخێک نەما جگە لە باخەکەی ئێمە، ئەوەی ئێمەش هیچ سوودێکی نەماوە، پێویستە تیمی کشتوکاڵی بێن و سەیری نەخۆشی دارەکان بکەن، بەڵام تا ئێستە هیچ کەسێک نەهاتووە، چەند ساڵێکی دیکەش هیچ دارێکمان نامێنێت.
تاکە باخی خورمای خورماتووە، خەریکە بە تەواوی لەناو دەچێت.. حازم و خێزانەکەی دوو سەدەیە خاوەنداریی ئەم باخەی خورما دەکەن، کە ئێستە بەهۆی جۆرە نەخۆشییەکەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ دارەکان وشک دەبن.
لە عێراق، 600 جۆری خورما بەرهەم دەهێنرێت، سەردەمانێکیش عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی جیهان بوو لە زۆری داری خورما، بەڵام جەنگ و پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون و بازرگانی وایکردووە باخەکانی خورما بەردەوام لە ناوبچن.
ئەنوەر عەزیز، ئەندازیاری کشتوکاڵ ڕایگەیاند: کەمبوونەوەی دار خورما دەگەڕێتەوە بۆ چەند فاکتەرێک، فاکتەری یەکەم جەنگە یەک لە دوای یەکەکانە بەتایبەت جەنگی عێراق و ئێران، جەنگی تیرۆر، ئەمەریکا و عێراق، کوەیت و عێراق، ئەمانە هەمووی بوون بە هۆی لەناوچوونی ئەو شوێنانەی سەرچاوەی بەرهەمی خورما و باخی خورما بوون، لەناوچوون.
فاکتەری دووەم دوای پرۆسەی ئازاد کردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە؛ نموونەش دوزخورماتوو کە بە خورما ناوبانگی هەیە، لە 40 باغدا یەک باغی ماوە.
هۆکارێکی دیکەی نەمانی ئەو باخانە بەهۆی بازرگانی کردن بە زەوییەکانەوەکە دەکرێتە شوێنی بازرگانی یاخود شوێنی نیشتەجێبوون.