گۆرانی "بە لەنجە" بڵاو دەبیتەوە

هەردوو گۆرانیبێژ، ئیلایدە مەتین و دیار زاهیر، تازەترین دووقۆڵیی بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بەناوی "بە لەنجە" کە گۆرانییەکی هونەرمەندی کۆچکردوو سەید محەمەدی سەفاییە، بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئەیلوول 2024، گۆرانیبێژ ئیلایدە مەتین، دەربارەی بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە نوێیەی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەرهەمە تازەکەم لەگەڵ دیار زاهیر، لە کاری میوزیکی هەڵکەوت زاهیر و بابەکە، گۆرانی هونەرمەندی کۆچکردوو سەید محەمەدی سەفاییە و محەمەد کارایی ڤیدیۆ کلیپەکەی دەرهێناوە.
ئیلایدە گوتیشی: ماوەیەکە سەرقاڵی تۆمارکردنی ئەو بەرهەمە تازەیەم، هیوادارم ئەو بەرهەمە نوێیەم جێگای خۆی لەناو دڵی هەموو هەوادارەکانم بگرێت و بەدڵی هەمووان بێت.
هەردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئیلایدە مەتین دیار زاهیر، ماوەیەکی کەمە دەستیان بەکاری هونەری کردووە و خاوەنی چەند بەرهەمێکن، زۆربەی کارەکانیان هەڵکەوت زاهیر ئاوازی بۆ داناون.