تیروپشک بۆ بە جێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی داهاتوو دەکرێت

کاروان ستوونی: ئەم ساڵ ناونووسینی نوێ بۆ چوونە حەج تۆمار ناکرێت

ڕێوڕەسمی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج (وێنە: ئەرشیف)
ڕێوڕەسمی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج (وێنە: ئەرشیف)

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەم ساڵ ناونووسین بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج ناکرێت، تەنیا تیروپشک بۆ ناونووسکراوانی پێشوو دەکرێت.

ستوونی گوتیشی: ئەو هاووڵاتییانەی لە ساڵانی 2016 تاوەکوو 2023 بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج تۆمارکراون و لە تیروپشەکەکانی پێشوو دەرنەچوون، لە ماوەیەکی نزیکدا هەر لەم مانگەدا ناویان دەخرێتەوە تیروپشک بۆ ئەوەی کاروانی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی داهاتوو ئامادە بکرێن.

هەروا ئاماژەی داوە، کۆی ناوەکان زیاتر لە 117 هەزار کەس دەبێت کە تۆمارکراون و تیروپشکیان بۆ دەکرێت، هەربۆیە ئەم ساڵ ناونووسینی نوێ بۆ چوونە حەج تۆمار ناکرێت و ناوە دەرچووەکانیش لە ماڵپەڕی کوردستان24 بە فەرمی بڵاو دەکرێنەوە.

سەبارەت بەوەی ئەگەر ناوێک لە تیروپشک دەربچێت و کۆچیی دوایی کردبێت، ئەوە چ کەسێک شوێنی پڕ دەکاتەوە کەسێکی نزیکی یان بە گوێرەی ڕیزبەندی بە ناوی کەسی یەدەگ پڕ دەکرێتەوە، کاروان ستوونی گوتی: تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێنماییەکی تازەیان پێ نەگەیشتووە بۆ چارەکردنی ئەم حاڵەتە.

لە بارەی زیادکردنی ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی داهاتووی حەج، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە گوتی: ئەوەی هەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە سەر بەشی عێراق دیاری کراوە و تاوەکوو ئێستا هیچ باسێک نییە لە بارەی زیادکردنی پشکی هەرێم.

ئەمساڵ بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 1445ی کۆچی، زیاتر لە 41 هەزار کەس بە فەرمی و لە ڕێگەی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، چووبوونە سعوودییە، کە 4600 یان حاجی هەرێمی کوردستان بوون.

Fly Erbil Advertisment