هەولێر و بەغدا لەسەر یەکخستنی کاری باج ڕێککەوتن

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی گشتی باج ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ یەکخستنی کاری باج پەسەند کرد.

دەستەی گشتی باج لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "وەزیرانی دارایی لە حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنێکی هاوبەشیان پەسەند کردووە بۆ یەکخستنی ڕێکارەکانی باج و کارکردن لە سەرجەم لقەکانی باج لە عێراق، کە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست پێ دەکات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان باجیان لێوەربگیرێت، بەپێی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا، ژمارە 25ـی ساڵی 2016 بۆ داهات و باج".

ڕۆژی یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024 کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان تایبەت بە چارەکردنی کێشە ئابووری و داراییەکانی نێوان هەردوولا بەڕێوە چوو.

لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوە چوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەت ئەو کێشانەی ڕەهەندی دارایی و ئابوورییان هەیە لە سەر بنەمای یاساو دەستوور.         

هەر لە کۆبوونەوەکە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و خاڵەسنووریەکان و ڕێکارەکانی باج گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، هەردوولا هاوڕابوون میکانیزمی هاوبەش بۆ چارەکردنی کێشەکان بدۆزرێنەوە.       

وەزارەتی دارایی جەختی لەوە کردەوە، چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشیان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بێت.

Fly Erbil Advertisment