زێلێنسکی: پلانێکم داناوە ڕووسیا ناچار دەکات واز لە شەڕ بهێنێت

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، "پلانی سەرکەوتن" کە دەیەوێت لەم مانگەدا بیخاتە بەردەم جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەنگە دەسەڵاتی کیێڤ بەهێزتر بکات و کاریگەریی دەروونیی هەبێت کە ڕەنگە پاڵ بە ڕووسیاوە بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکەی لە ڕووی دیپلۆماسییەوە.

زێلێنسکی، لە میانی چالاکیی ساڵانەی کریمیا کە لە لایەن کیێڤەوە بەڕێوە دەچێت، گوتی: ئۆکرانیا پێش دووەمین لووتکەی ئاشتی نێودەوڵەتی، دەیەوێت لە کۆتایی ئەم ساڵدا پلانەکەی پێشکەشی هاوپەیمانەکانی بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، "پلانەکە، ئەگەر هاوبەشەکان پشتگیریی لێ بکەن، ئەوە ئاسانکاری دەکات بۆ ئۆکرانیا کە ڕووسیا ناچار دەکات کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت".

سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی: ئامانج لەم پلانە چییە؟ بەهێزکردنێکی گەورەی هێزەکانی ئۆکرانیایە و بە بۆچوونی من کاریگەری دەروونی و سیاسی لەسەر بڕیاری ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە دەبێت.

زێلێنسکی بۆ یەکەمجار مانگی ڕابردوو باسی لەو پلانە کرد و ڕایگەیاند: کە دەیەوێت لەگەڵ بایدن و دوو جێگرەوە ئەگەرییەکەی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا تاوتوێی ئەو پلانە بکات.

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا زێلێنسکی بەرەو کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕوات.

ڕۆژی 24ـی شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا کە بەشێکی زۆری هەرێمی دۆنباسی کۆنترۆڵکرد، تاوەکو ئێستا دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون، بەڵام لە هێرشێکی پێچەوانەدا ڕۆژی 6 ی ئابی 2024، هێزەکانی ئۆکراینا ژمارەیەک گوند و شارۆچکەیان لە پارێزگای کورسکی ڕووسیا کۆنترۆڵ کردووە، ئەم پێشڕەوییەی ئۆکراینا، ترسی خستووەتە دڵی ڕووسەکانەوە، چونکە وێستگەی ئەتۆمی کورسک، ڕاستەوخۆ لە ژێر هەڕەشەی هێزەکانی ئۆکراینا و وڵاتانی بیانیدایە.
 

Fly Erbil Advertisment