پوتین بۆ ئەمریکا و خۆرئاوا: بەئەندازەی ئەو مەترسیانەی ڕووبەروومان دەکەنەوە وەڵامتان دەدەینەوە

ڤلادیمێر پوتین بە ئەمریکا و خۆرئاوا دەڵێت:بەئەندازەی ئەو مەترسیانەی ڕووبەروومان دەکەنەوە وەڵامتان دەدەینەوە.
ماوەی چەند رۆژێکە پرسی پێدان و رێگەدان بە ئۆکراینا بۆ ئەوەی بە چەکی دوورمەودا قوڵایی خاکی رووسیا بکاتە ئامانج، بووەتە مژاری گەرمی ناوەندە سیاسی و میدیاکانی جیهان، لە وەڵامی وەها کارێکدا، ڤڵادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند: هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا توانای بەکارهێنانی چەکی دوورمەودایان نیە و ناتوانن خۆیان هێرشەکان ئەنجامبدەن.
پوتین ئەوەشی گووت، پێشتر باسم لەوەکردووە وە پسپۆڕانی ئێمە و رۆژئاوایش ئەمە پشت راست دەکەنەوە، کە سوپای ئۆکراینا ئەم سیستەمە پێشکەوتووەی نییە و ناتوانێت بەبێ سیستەمی پێشکەوتوو و وردبینی بەرزی مەودا دوور کە لە رۆژئاوا دروستکراوە ئەم کارە ئەنجامبدات، ئۆکراینا تەنیا بە پشتیوانی و زانیاری راستەوخۆی مانگە دەستکردەکانی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا دەتوانێت چەکی دوور مەودا لە دژی رووسیا بەکاربهێنێت. سەرۆکی رووسیا هۆشداریدا و گووتی، بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا لە دژی رووسیا، بەشداری راستەوخۆی ناتۆیە لە جەنگی ئۆکراینادا، ئێمەش بەئەندازەی ئەو مەترسیانەی رووبەروومان دەکەنەوە وەڵامیان دەدەینەوە.