پرۆسەی ڕاکێشانی کەشتی سۆنیۆن لە دەریای سوور دەستی پێ کرد

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی یۆنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئۆپەراسیۆنی ڕاکێشانی کەشتیی نەوتهەڵگری سۆنیۆن کە لە مانگی ئابی ڕابردوو، لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە هێرشی کرایە سەر و مەترسیی بۆ سەر ژینگە دروستکردبوو، دەستی پێ کرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، کەشتیی"سۆنیون" ئاڵای یۆنانی لەسەرە، چۆڵکرا و ئێستە بەرەو باکوور ڕادەکێشرێت.

کەشتییەکە مانگی ڕابردوو لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە لە کەناراوەکانی حودەیدە کە زیاتر لە 150 هەزار تۆن نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، هێرشی کرایە سەر.

حووسییەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سەر غەززە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 80 کەشتی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە و دوو کەشتی دیکەشیان نقوم کردووە و چوار دەریاوانیشیان کوشتووە.

بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە دەریای سووردا ڕێگریی لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووە، ئەوەش بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و پاراستنی ژیانی کەشتیوانان و سەلامەتترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان.

لای خۆیانەوە حووسییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە هەر کەشتییەکی پەیوەست بە ئیسرائیل، ئەمەریکا، یان بەریتانیا بێت، پەلاماری دەدەن لە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هەرچەندە زۆرێک لەو کەشتیانەی هێرشیان کراوەتە سەر هیچ پەیوەندییەکیان بەو ململانێیەوە نییە.

Fly Erbil Advertisment