بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان: مەزاری ئەنفالکراوان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهاتووە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چوونە ژوورەوەی سەرۆکی بەرەی گەل و ژمارەیەک لە کاندیدەکانی بۆ مەزاری ئەنفالکراوانی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: دەرگایان لە دوای خۆیان بە کراوەیی بەجێ هێشتووە.
یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: دوێنێ 14ـی ئەیلوولی 2024، بەبێ ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، سەرۆکی بەرەی گەل و ژمارەیەک لە کاندیدەکانی چونەتە مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان لەدێبنە و دەرگای مەزارەکەیان کردوەتەوە چونەوتە ژورەوە، دواتر دەرگاکەیان بە کراوەیی بەجێهێشتووە، ئەمە سەرباری ئەوەی هەر وەفد و لایەنێک سەردانی مەزاری ئەنفالکراوان بکات، پێشتر هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەەبەرایەتیمان دەکات و ئێمەش پێشوازی لێدەکەین، بۆیە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئیدانەی ئەم سەردانە دەکەین و پێمان وایە مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان بەکارهێنراوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرژەوەندی سیاسی، لەکاتێکدا ئەنفال پرسێکی نەتەوەییە و زۆر لەوە گەورەترە لایەنێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریبهێنێت، بەهیچ شێوەیەکیش رێگەنادرێت مەزاری ئەنفالکراوان بۆ بانگەشەی حزبی بەکاربهێنرێت چونکە شوێنکی گشتییە.