جارێکی دیکە دانیشتنی یەکلایی سکاڵای جووتیارانی سەرگەڕان و داقووق، دوا خرا

دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دواخستنی دانیشتنی دادگەی لەسەر پرسی یەکلاییکردنەوەی سکاڵای جووتیارانی سنووری شارەدێی سەرگەڕان و داقووق بۆ ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دا، ئەمەش دووەمین جارە دادگا ئەو دانیشتنە دوا دەخات.
دادگای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئەیلوولی 2024، بڕیاری دواخستنی دانیشتنی یەکلاییکردنەوەی هەردوو ئەو سکاڵایەی دا کە لە لایەن جووتیارانی کورد و تورکمان لە شاردێی سەرگەڕان و شارۆچکەی داقووق لە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆماریان کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس، کە بە پاساوی چاکسازیی کشتووکاڵیی زەوییە کشتووکاڵییەکان بە زۆرەملێ لە جووتیارانی کورد وەرگیراوەتەوە و فامی خاوەندارێتی زەوییەیان خراوەتە سەر ناوی وەزارەتی دارایی و وەبەرهێنانی زەوییەکانی بۆ چەندین ساڵ بە عەرەبی هاوردە دراوە. هەر بۆیە جووتیارانی کورد و بەشێک لە جووتیارانی تورکمان بە دوو سکاڵای جیاواز داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسیان کردووە، بەڵام دادگای فیدراڵی 21ی تەممووزی ئەم ساڵ دانیشتنی دادگای لەسەر هەردوو سکاڵاکە بۆ 15ی ئەیلوول دواخست و ئەمڕۆکەش جارێکی دیکە دانیشتنی دادگای بۆ 13ی تشرینی دووەمی 2024 دواخست.
سکاڵای یەکەم، لەلایەن شەش هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شارەدێی سەرگەڕان لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتەکانی تۆمارکراوە و لە سکاڵاکەدا داوا دەکەن بڕیاری ژمارە 949ی ساڵی 1977 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتن و مافی خاوەندارێتی زەوییە کشتووکاڵییەکانی هاووڵاتییانی کورد و گواستنەوەی مافی خاوەندارێتیی زەوییەکان بۆ سەر وەزارەتی دارایی و بەکارهێنانەوەی زەوییە کشتووکاڵییەکان بە ناوی چاکسازیی کشتووکاڵی، بە نادەستووری دابنرێت و بڕیارەکانی سەردەمی بەعس هەڵوەشێنردرێنەوە و مافی خاوەندارێتی زەوییەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
هەروەها سکاڵای دووەم بە هەمان شێوە لەلایەن چوار جووتیارانی کورد و تورکمانی سنووری شارۆچکەی داقوقی باشووری کەرکووک لەسەر سەرۆکی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی تۆمارکراوە و داوای بە نادەستووری دانان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 824ی دەرچووی 16ی ئابی 1976 دەکەن، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە پاساوی چاکسازیی کشتووکاڵی زەوییەکانیان زەوت کراوە و مافی خاوەندارێتییان لێ وەرگیراوەتەوە.