شرۆڤەکارێک: حەلبووسی مەرایی بۆ ئەو سەرکردە عێراقییەیانە دەکات کە لە پۆستەکەی لایانداوە

شڕۆڤەکارێکی سیاسیی ڕایگەیاند، حەلبووسی وەک کەسایەتییەکی نمایشکار لە شانۆی سیاسی عێراق هاتە پێشەوە، هەر بۆیە زوو تووشی هەڵە بوو.

هەینی 20ـی ئەیلوولی 2024، ئارام ڕەسوڵ، شڕۆڤەکاری سیاسیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بابەتی پێدانی چەکی هاوچەرخ بە پێشمەرگە بابەتێکی نوێ نییە، هەروەک لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە، پێدانی چەک دەگەڕێتەوە بۆ گرێبەستی چەندان ساڵ پێش ئێستە، لەو کاتانەی کە محەممەد حەلبووسی خۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە.

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: ئەگەر حەلبووسی کەسێکی سیاسیی و شارەزا بووایە، دەیزانی ئەم پرۆسەیە و گرێبەستە بابەتێكی نوێ نییە، وروژاندنی ئەم بابەتە لەلایەن محەممەد حەلبووسییەوە دروستکردنی گومان بۆعێراق، من وای دەبینم جگە لە مەرامی سیاسی مەرامێکی تاکە کەسیشە، چونکە کەسایەتی خۆی کەسایەتییەکی شکستخواردووە، نەک تەنیا حزبەکەی و لایەنەکەی، ئەم پەیامەی بڵاو کردووەتەوە بۆ جوڵاندنی شەقامی عێراقی و هەروەها بۆ ڕاکێشانی ئەو سەرکردە عێراقییانەی لە کە بنەڕەتدا بەرنامەیان دانا بۆ لادانی خودی خۆی.

دەشڵێت: ئێستە حەلبووسی مەرایی بۆ ئەوانە دەکات کە لایاندا لە پۆستەکەی، لە سەرەتادا هەمووان پێمان وابوو کەسێکی هەڵکەوتەی ناو سوننەیە و جێگەی ئومێدە و بە شێوازێکی مۆدێرن بیر دەکاتەوە، تۆزێک مێژوو یاخود لایەنی کەم دەستووری عێراقی خوێندبێتەوە، بۆی دەردەکەوت کە هێزی پێشمەرگە دەستوورییە یاخود نا، بەڵام دەرکەوت کەسایەتی حەلبووی وەک کەسایەتی نمایشکار لە شانۆی سیاسی هاتە پێشەوە، هەر بۆیە زوو تووشی هەڵە بوو.

ئارام ڕەسوڵ ڕاشیگەیاند، حەلبووسی هەرکاتێ پێویستی بە کورد بووایە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بوو دەیپاراست، بۆ هەموو ئەوانەی وەک حەلبووسی بیر دەکەنەوە ئێمە پێیان دەڵێین؛ پێش ئەوەی هەر جارێک بتانەوێت ناوی کورد و پێشمەرگە بهێنن، بڕۆن دەستووری عێراق بخوێننەوە و بڕۆن سەیری ماددەکانی دەستوور بکەن، کە پەیوەستە بە هێزی پێشمەرگە و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان. لەوەش زیاتر پێیان دەڵێین؛ بڕۆن مێژوو بخوێننە جا مێژووی تیرۆرستانی داعش بێت کە هێزی پێشمەرگە سەنگەری بۆ هێزە عێراقییەکانیش شکاند، یاخود ئەوەی کە لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا، خودی پێشمەرگە بەرگری لە حەلبووسی لە ناو ئەنجوومەنی عێراقدا کرد.

Fly Erbil Advertisment