ئیبراهیم فەرید: کارگەی سلیڤانا ئارد ڕەوانەی بازاڕەکان دەکات

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سلیڤانا، ڕایگەیاند: کارگەکەیان لە قۆناغی یەکەم ئارد هەناردەی بازاڕی هەرێمی کوردستان دەکات دوای ئەوەش بەرهەمەکانیان بۆ وڵاتانی دەرەوە دەنێرن.
ئیبراهیم فەرید، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سلیڤانا، بە کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کارگەی سلیڤانای لە زاخۆ کردەوە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سلیڤانا، ئاماژەی بەوە دا، کارگەکەیان لە قۆناغی یەکەم ئارد هەناردەی بازاڕی هەرێمی کوردستان دەکات دوای ئەوەش بەرهەمەکانیان بۆ وڵاتانی دەرەوە دەنێرن.
ئیبراهیم فەرید دەشڵێت، هەر چەندە ساڵی پار کارگەکە کارەکانی بە ڕێژەی 100% تەواو نەببوو، بەڵام لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەنممان لە جووتیاران وەرگرت.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا کارگەی سلیڤانای بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە زاخۆ، کردەوە و دواتر گوتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا پرۆژەکەی بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و ڕایگەیاند: کردنەوەی کارگەی سلیڤانا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لەلایەن کەرتی تایبەتەوە و بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان دروست کراوە.
سەرۆک وەزیران هیوای خواست، لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم کارگەیە بتوانێت خزمەتێكی باشتری جووتیارانی دەڤەرەكە بكات و هەوڵ بدەن هەرچی زووە پرۆژەكە فراوانتر بكەن و كارگەی پەیوەندیدار بۆ بەرهەمەكانی گەنم دابمەزرێنن.
کابینەی نۆیەم وەکو ئەوەی بارزانی باسی کرد "هەوڵی داوە بایەخێکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک بدات، "بۆیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چی وەکوو حکوومەت، یان بە هاوکاریی کەرتی تایبەت، چەندین پرۆژەی کشتوکاڵیمان جێبەجێ کردوون و ژمارەیەک سایلۆمان کردوونەتەوە".