بارەگای بارزانی وەڵامی قەیس خەزعەلی دەداتەوە

K24 – هەولێر:
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی لە وەڵامی قەیس خەزعەلیدا دەڵێت: بەبیرتان دەهێنینەوە کە دەستوور پەسەندی کردووە و دانی بەوەدا ناوە کە هێزی پێشمەرگە بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستەمی سەربازیی نیشتمانیی عێراق.
یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024 کیفاح مەحموود، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن لە بارەگای بارزانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "قەیس خەزعەلی! ئێمە پێداچوونەوەمان بە پەیامەکەتدا کردووە کە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەتەوە پێشکەشت کرد، سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ ئەو ناوەڕۆکە دەردەبڕین کە تێیدا بوو، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستوور، وەک چۆن کارێکی باشت کرد لە جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە دەستوور".
"بەبیرتان دەهێنینەوە کە دەستوور پەسەندی کردووە و دانی بەوەدا ناوە کە هێزی پێشمەرگە بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستەمی سەربازیی نیشتمانیی عێراق. هەروەها ئەو هێزە مافی خۆیەتی چەک و تەقەمەنی پێ بدرێت هاوتای ئەو ڕۆڵە مێژووییە شەرەفمەندانەیەی بێت کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریەت و ڕژێمە ستەمکارەکاندا گێڕاویەتی".
کیفاح مەحموود جەختی لەوە کردەوە "ئەوەی لە دەستووردا هاتووە تایبەت بە هێزی پێشمەرگە، هێزەکە ڕێنمایی و فەرزی ئیرادە لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکات".