کونسوڵی گشتی فەرەنسا: لە بواری کشتوکاڵدا پەرە بە گوندەکانی کوردستان دەدەین

کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە بواری کشتوکاڵدا پەرە بە گوندەکانی کوردستان دەدەن، سەرباری هەموو ئەو کۆمپانیا فەرەنسیانەی لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن و بەرهەمە فەرەنسیەکان دێننە کوردستان.
یان برێم، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نزیکەی 30 کۆمپانیای فەرەنسی پەیوەندیی بازرگانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە بوارە جیاوازەکاندا کار دەکەن، یان برێم ڕاشیگەیاند: پرۆژەیان بۆ پەرەپێدانی گوندەکانی کوردستان هەیە و کاری لەسەر دەکەن.
یان برێم گوتی: نزیکەی 30 کۆمپانیای فەرەنسیمان هەیە کار لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، هەندێکیان بەرهەمە فەرەنسییەکان دێننە هەرێمی کوردستان، لەوانەش، ئۆتۆمبێل و جلو بەرگ و بابەتی جوانکاریی ئافرەتان، هاوکات کۆمپانیامان هەیە لە بواری پیشەسازیدا کاردەکەن، هەشیانە لەبواری کشتوکاڵدا کار دەکەن، دەشڵێت: دەمانەوێت کار بۆ پەرەپێدانی گوندەکانی کوردستان بکەین لەڕووی کشتوکاڵییەوە، ئەمە پرۆژەیە و کاری لەسەر دەکەین.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23-09-2024، یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان، بە هاوئاهەنگیی لە نێوان دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی ئابووریی فەرەنسا، لە پاریس بەڕێوە دەچێت.