مەسرور بارزانی: پارتی هەمیشە خۆی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووەتە قوربانی

"پارتی ئەو حزبە بووە کە توانی ئیرادە لەناو ناخی تاکی کوردستان دروست بکات"

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: پارتی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، هەروەها هەموو تاکێکی کورد دەتوانێت لەژێر چەتری پارتیدا درێژە بە خەباتی خۆی بدات و پارتی هاووڵاتییانی کردووەتە میحوەڕی سیاسەتی خۆی. جەختی لەوە کردەوە، حزبەکە هیچ کاتێک بەڵێنێکی نەداوە کە نەیتوانیبێت جێبەجێی بکات.

یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024 مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە چوارچێوەی بانگەشەکردن و پشتیوانیکردنی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ پیشەوەر و کاسبکارانی شاری هەولێر کۆبووەوە. 

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و بە  پیشەوەر و کاسبکارانی شاری هەولێری ڕاگەیاند، ئێوە دەتوانن بڕیاردەر بن و دەتوانن بڕیار لە چۆنیەتی حووکمڕانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بدەن، رێگەی دەستنیشانکردنی حکوومڕانی و دەسەڵات دەنگدانە و، لە سندووقی دەنگدان ئێوە بڕیار دەدەن کێ لە ئاستی متمانەتانە.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: هەموو لایەک ڕابردووی پارتی دەزانێت چییە و ڕێزم بۆ هەموو لایەکی سیاسیش هەیە، هەندێک ڕووداوتان بەبیر دێنمەوە کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەوەی کە ئێوە چۆن بڕیار دەدەن، پارتی لە ڕۆژی یەکەمەوە کە دامەزراوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، چەتری پارتی فراوانە و جێگەی هەموو کەسێ و لایەنێکی تێدا دەبێتەوە، هەر کەسێک بڕوای بە دیموکراسی، داپەروەری، سەقامگیری و پاراستنی کەرامەتی خاکی کوردستان هەبێت جێگەی لە ناو پارتی دەبێتەوە، پارتی بووەتە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز بۆ هەموو گەلەکەمان، پارتی تەنیا لە قاڵبی حزبێکی سیاسییدا کەم ناکرێتەوە، پارتی خێمەیەکە کە هەموو کوردستانییەک دەتوانێت لەژێر چەتری درێژە بە خەباتی خۆی بدات. جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتیکردەوە کە دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە ئاسایش و سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانیی کوردستان.ژ

 

پارتی هیچ کاتێک بەڵێنێکی نەداوە کە جێبەجێی نەکردبێت

جەختی لەوەش کردەوە، کاتێک کە هەرێمی کوردستان پەلامار دەدرێت، پێشەڕوەی بەرگریکردن لە هەرێمەکە هەمیشە پارتی بووە و هەر پارتی دەمێنێتەوە، هەر کەسێک دەست درێژی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان پارتی لە سەنگەری پێشەوە بەرگری دەبێت و خاکی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.

هاوکات گوتی: کەس با بە درووشم هەڵنەخەڵتێت هەر کەسێک دەتوانێت بە دڵی خۆی درووشم داڕێژێت و بەڵێنیش بدات، ئێمە نامانەوێت بەڵێن بدەین، بەڵکوو دەمانەوێت بیرتان بهێنمەوە کە پارتی هیچ کاتێک بەڵێنێکی نەداوە کە جێبەجێی نەکردبێت، لەمەودوا ئەوەی پارتی دەیڵێت لە داهاتوودا جێبەجێی دەکات، بۆیە هەموو لایەک دەتوانن متمانە بە پارتی بکەن.

باسی لەوەش کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان هاووڵاتییانی کردووەتە میحوەڕی سیاسەتی خۆی، خزمەتکردنی هاووڵاتیی کوردستان و پاراستنی کەڕامەتییان لە میحوەڕی سیاسەتی پارتی دایە چ لە کاتی شۆڕشگێڕیدا، چ لە کاتی حووکمڕانیدا، پارتی هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە پێناسەی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستان پارێزراو بێت و، هاووڵاتیی کوردستان بە سەربەرزی و بە کەڕامەتەوە بژیت و ئینشاڵا لەژێر چەتری بارزانی و پارتیدا ڕۆژ بە ڕۆژ کوردستان بەرەو پێشکەوتن و ئاوەدانی دەڕوات.

پ

 

پارتی ئەو حزبە بووە کە توانی ئیرادە لەناو ناخی تاکی کوردستان دروست بکات

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە درووشمی پارتی کرد و گوتی: ئارامی، ئاوەدانیی، پێکەوەیی و خۆڕاگریی، ئەم درووشمە گوزارشت لە ناخی پارتی، کردەوەی پارتی، ڕەفتاری پارتی، مێژووی پارتی دەکات، هەورەها لە بەڵێنی پارتیش بۆ داهاتوو دەکات، پارتی دەیەوێت کوردستان، کوردستانێکی ئارام و سەقامگیر بێت، پارتی بە هیچ شێوەیەک نایەوێت کوردستان تووشی گرفت بێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی هەرێمی کوردستان ماندوو بوون لەم هەموو ململانێیانە، ماندوو بوون لەم ناسەقامگیرییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، پارتی قەت لەگەڵ ئەودا نییە کە گرژی دروست بێت، نە لەگەڵ هیچ هێزێکی ناوخۆیی، نە لەگەڵ هیچ دراوسێیەک نە لەگەڵ هیچ هێزێکی ناوچەیی، پارتی لەگەڵ ئارامی و سەقامگیرییە لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانییە، پارتی دەیەوێت هاووڵاتییان بە دڵنییاییەوە بەرەو ئاییندە هەنگاو بنێن و دڵنیابن لەوەی کە خۆیان و کەسوکاریان پارێزراون، هەروەها ئاوەدانی بەشێکە لەو کردەوانەی کە پارتی هەمیشە لەگەڵی بووە و هەنگاوی باشیشی بۆ هاوێشتووە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پێکەوە کاری کردووە بڕوای بەوەش هەیە کە دەتوانن پێکەوە کاری باش بکەن، هەر کەسێک بڕوای بە بەرژەوەندی نیشتمانی کوردستان هەیە پارتی ئامادەیە دەستی دۆستایەتی بۆ درێژ بکات و لەگەڵیدا کار بکات.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵیت: ئەگەر سەیری ڕژێمەکانی پێشووتر بکەین، کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کوردستان کرد، چوار هەزار و 500 گوند وێران کران، خەڵکی ئێمەیان ئەنفال و کیمیاباران کرد، بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن، پارتی دەوری سەرەکی هەبووە کە ئیرادەی کوردستان بەسەر ئیرادەی هەموو دووژمن و ناحەزێکدا سەرکەوێت، ئاوەدانکردنەوەی وڵات دوای ئاوەدانکردنەوەی ئیرادە دێت، پارتی ئەو حزبە بووە کە توانی ئیرادە لەناو ناخی تاکی کوردستان دروست بکات کە خۆی لە هیچ کەسێکی دیکە بە کەمتر نەزانێت، ئەو شتەی کە بۆ خەڵکی تر ڕەوایە بۆ ئێمەش رەوایە، ئەو مافەی کە هەموو نەتەوەکانی دیکە هەیانە ئێمەش هەمانە، بەڵام پێویستە ئێمە زیاتر پێکەوە کار بکەین و بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن کەسایەتی کوردستانی ئاوا بکەین، ئینجا بیر لە ئاوەدانی وڵاتەکەمان بکەینەوە.

]

 

پارتی لە هەموو لایەنێک زیاتر داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان کردووە

لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هەنگاوی باش نراوە بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، لەوانەیە ئەم هەموو خزمەتە لە ئاستی پێویستدا نەبێت، بەڵام بە بەراورد بە دەوروبەری خۆمان ئەو شوێنەی کە پارتی لێی باڵادەستە ئاوەدانی تێدایە، ئەو شوێنەی کە پارتی بۆ لەمەودوا لێی باڵادەست و حووکمڕان دەبێت ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر و پێشکەوتووتر دەبێت.

سەبارەت بە پێکەوەیی جەختی لەوە کردەوە، ئێمە پێکەوە بەهێزتر و بەتواناترین، پێکەوە دەتوانین دەستکەوتی زیاترمان هەبێت، هەموو چین و توێژەکانی کوردستان مافێکی یەکسانییان هەیە، هەموو ئایین و ئایینزایەک لە هەرێمی کوردستان پێویستە لەژێر سایەی دەسەڵات و حووکمڕانی کوردستانیدا دادپەروەرانە بژین، ئەم پێکەوەییەش شتێکە کە پارتی هەمیشە شانازی پێوە دەکات، پارتی زیاتر لە هەموو لایەنێک داکۆکی لە مافی پێکهاتە و ئایینە جیاوازکان کردووە، لە کاتێکدا کە هەوڵی پێشێلکردنی مافی کریستییان و تورکمان دەدرا، پارتی داکۆکی لێیان دەکرد، بۆ ئەوەی هەمووان لە هەرێمی کوردستاندا لە مافدا یەکسان بن.

گوتیش: پێکهاتەکان مافی خۆیانە نوێنەریان لە پەرلەمان هەبێت، بەڵام لایەن هەبووە شانازی بەوە دەکات کە مافی تورکمان و کریستییانی پێشێل کردووە، ئێمەش شانازی دەکەین کە نەمانهێشت ئەو پیلانە سەربگرێت و وامان کرد بەشێک لە کورسی کۆتاکان بۆ پێکهاتەکان بگەڕێتەوە، لە پەرلەمانی داهاتووش هەوڵ دەدەین کە هەموو کەس لە هەرێمی کوردستان نوێنەری خۆی هەبێت. دەمانەوێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بین، چونکە پێکەوە دەتوانین بەهێزتر بین، پێکەوە دەتوانین دەنگێکی بەرزترمان هەبێت، پێکەوە دەتوانین لەگەڵ بەغدا، وڵاتانی دراوسێ و جیهان زیاتر مافەکانی خەڵکی خۆمان دەستەبەر بکەین، بەڵام دەبێت هاوڕا بن لەگەڵمان، دەبێت بە جۆرێک بیربکەینەوە بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان بخەینە سەروو بەرژەوەندی حزبی و کەسی، ناکرێت خەڵک بکەینە قوربانی بەرژەوەندی کەسی و حزبی.

ف

 

پارتی هەمیشە خۆی کردووەتەوە قوربانی خەڵکی هەرێمی کوردستان

لە درێژەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، ناکرێت تەنیا بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆمان بپارێزین خەڵک بکەینەو قوربانی خۆمان، یانیش بۆ ئەوەی دەستکەوتێکی تاکەکەسیمان هەبێت بچین لەگەڵ لایەنی ناحەز ڕێکبکەوین، پارتی یەک ڕۆژیش ئامادە نییە خەڵک بکاتە قوربانی خۆی، بەڵکوو هەموو جارێک پارتی خۆی کردووەتەوە قوربانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لەمەودواش هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و لایەنەکان ئەوەیە با بێن دەست بخەنە ناو دەستمان و پێکەوە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین، با پێکەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە بدەین کە وەک نەتەوە وەک نیشتمان تا ئێستا نەمانتوانیوە بەدەستی بهێنین، دەرگامان کراوەیە و بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت دەستی دۆستایەتیمان بۆ درێژ بکات، داواکارم لە خەڵکی کوردستان هەرکەسێک لەسەر ڕێگەی ڕاستە پشتی بگرن، هەر کەسێکیش لەسەر ڕێگە ڕاستەکە نییە سنوورێکی بۆ دابنێن و پێیان بڵێن بەسە چیدیکە ئێمە ئامادەنین کە بەرژەوەندیمان لەپێناو تاکە کەس حزب پێشێل بکرێت، لەم هەڵبژاردنە ئێوە ئەو بڕیارە دەدەن، ئەگەر سەیری جیاوازی درووشمەکان بکەن دەزانن کێ بە کام ئاراستە کار دەکات و کێ دەیەوێت خەڵک بکاتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی.

زیاتر گوتی: کاتێک پارتی داوای ئاوەدانی، پێشکەوتن، ئاسایش و ئارامی دەکات، دەبینین لە بەرامبەردا خەڵکی دیکە داوای وێرانکاری و تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەو کەسای کە دەتوانێت نوێنەرایەتی هاووڵاتییان بکات هەر ئەو کەسەیە کە دەبێت متمانەی هاووڵاتییان بەدەست بهێنێت، داواکارم سەیری ڕابردووی پارتی بکرێت کە چۆن هەر بەڵێنێکی داوە جێبەجێی کردووە و، کێش تەنیا درووشمێکی هەڵگرتووە و دوای هەڵبژاردنەکان دیار نەبووە لەکێ بووە. چەند ساڵێک پێش ئێستا کە داعش هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، کێ لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری بوو؟ کێ بوو خاکی هەرێمی کوردستانی پاراست؟، ناکرێت لایەنێک کە بە ژیانی خۆی سەنگەری پێشمەرگەی نەدیبێت بێت و بیەوێت ببێتە نوێنەری خەڵکی هەرێمی کوردستان، قسەی هەرزان متمانە دروست ناکات کردەوە متمانە دروست دەکات، لە خوا بەزیاد بێت ئەوەندە کردەوەمان هەیە کە پێی سەربەرزین بڵێن چۆنمان کردووە و لەمەودوا باشتریشی دەکەین.

لەبارەی سیستەمی حووکمڕانییەوە، جێگری سەرۆکی پارتی، ڕوونی کردەوە، کە ئەوان نایانەوێت خەڵک لێیان بترسێت و نایەنەوێت سیستەمێکی حووکمڕانی دامەزرێنن کە بە ترساندن، تۆقاندن، سەرانەسەندن و شەو هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان بێت، وایان لێ بکرێت کە ملکەچی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن بکەن. دەشڵێت: دەمانەوێت ئێوە، ئێمەتان خۆشبووێن و چونکە دڵنیابن ئێمە لە خزمەتی ئێوەین، دەمانەوێت ئێمەتان خۆشبووێت کە خزمەتکاری ئێوەین نەک ئێمەتان خۆشبووێت کە حاکم و حکوومەتی ئێوەین.

ۆ

 

ئەو کەسەی بیەوێت لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە دەبێت ڕەزامەندی و متمانەی هاووڵاتی بەدەست بهێنێت

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بە ترس، تۆقاندن، بە قسەی هەڵە، بە بوختان و تۆمەت، شتەکان فەرز بکەن، ئەوا دیارن کە کێنە، بەڵام ئێوە چاوکراوەن زۆر باش دەزانن کە کێ ڕاستگۆیە لەگەڵ ئەو پەیمانەی کە هەڵیگرتووە و، کێ دەتوانێ بۆ لەمەودواش متمانەی ئێوە بەدەست بهێنێت، ئێوەی پیشەکار و کاسبکار نەبوونەتە بارگرانی بەسەر هیچ کەسێکەوە، ئێوە لە هەموو ڕووێکەوە باری ئەم وڵاتەتان سووک کردووە، ئێوە چەندەها دەرفەتی کارتان ڕەخساندووە و هاووڵاتییان لێتان سوودمەند بوونە، هەروەها ئەرکی دەسەڵاتیشە کە ئاسانکاری بۆ ئێوە بکات، ئێمە بڕیارێکمان دەرکرد کە 75%  دەستی کار لە هەرێمی کوردستان ناوخۆیی بێت، بەهۆی ئەوەی کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە و سەرچاوی سروشتی زۆری هەیە، دەرفەتی کار لە کوردستان زۆرە، بەڵام هەندێک لایەن هەوڵی ئەوەیان داوە خەڵک چەواشە بکەن و بڵێن کە لە کوردستان هیچ دەرفەتێکی کار بۆ هاووڵاتییان نییە، بە تایبەتی گەنجەکانی ئێمەیان هەڵخەڵەتاندووە کە ڕوو لە هەندەران بکەن، بەداخەوە زۆرێکیان لەم ڕێگەیەوە گیانیان لەدەست دا، ڕاستە لە هەرێمی کوردستان کەموکوڕی هەیە، بەڵام هۆکاریش بۆ ئەم کەموڕیانە هەیە، یەکێ لەو هۆکارانە ئەوەیە؛ ئەو لایەنانەی کە هانی گەنج دەدەن وڵات جێبهێڵن و کار نەکەن، هەمان ئەو لایەنانە بوون کە نەیانهێشتووە ئێمە کوردستان بەرەو ئەو قۆناغە بەرین کە لە ئاست خواستی هەموو خەڵکی کوردستاندا بێت.

مەسرور بارزانی، گوتیشی: ئەو لایەنانە ڕێگربوون و پیلانیان داڕشتووە کە هەرێمی کوردستان سەقامگیر نەبێت و نەتوانێت مووچەی خەڵک لە کاتی پێویستدا دابەش بکات، هەر ئەوانەشن کە دێن ئەو پرسە دژی حکوومەت و دەسەڵات بەکار دەهێننەوە، ئەو لایەنانە ئارەزووی هاتنی دەسەڵاتێکی بێگانە دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان و دژی دەسەڵاتی خۆماڵین. ئێمە دەمانەوێت زۆرترین دەرفەتی کار بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەین و دەمانەوێت گەنجەکانمان لە وڵاتەکەی خۆیان بمێننەوە، هەلی کاریش هەیە ئەگەر نەبێت بۆ چەندەها خەڵکی بیانی بۆ کار هاتوونەتە هەرێمەکە، دەبێت ئامادەبین هەموو جۆرە کارێک بکەین بۆ ئەوەی بتوانین کوردستان بەرەو پێشەوە بەرین، ئەوە ئەرکی ئێوەیە یارمەتیمان بدەن و ئێمەش کارئاسانیتان بۆ بکەین.

هیواشی خواست، ئەوە کارەی کە باشە حکوومەت کردوویەتی هاووڵاتیی لەبەر چاوی بێت، ئەوەشی نەکراوە هاووڵاتی بەبیر حکوومەتی بهێنێتەوە و بڵێت ئەو کارە نەکراو پێویستە بیکەن، ناکرێت بڵێین هەمووی خراپە و ناکرێت بڵێن هەمووی باشە. هێمای بۆ ئەوە کرد، دەمانەوێت بە هاووڵاتیی بڵێن تۆ سەروەری نەک حکوومەت، ئێوە حاکمن نەک حکوومەت حاکم بێت، بە دەنگ و پشتیوانی هاوڵاتییان نەبێت حکوومەت دەڕوخێت، ئەو کەسەی بیەوێت لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە دەبێت ڕەزامەندی و متمانەی هاووڵاتی بەدەست بهێنێت، ئێمە دەمانەوێت هاووڵاتی لە ئێمە ڕازی بن، بەڵام دەبێت پێمان بڵێن چی بکەین کە زیاتر لێمان ڕازی بن، دەبێت ئێوە نزیک بن لە حکوومەت چونکە حکوومەت بەشێکە لە ئێوە.

پ

 

لە داهاتوو وا دەکەین هاووڵاتیی خۆی بڕیار بدات کە کەرتی حکوومی یان تایبەتی دەوێت بۆ ئەوەی کاری تێدا بکات

بە گوتەی مەسرور بارزانی، ناحەزان ڕێگری دەکەن لەوەی حکوومەت بتوانێت هەموو شتێک بکات، فشارێکی زۆری ئابووریان خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم نەتوانێت بەردەوام بێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت.

هاوکات دووپاتی کردەوە، جێی خۆیەتی دیسانەوە بڵێم سوپاس بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، سوپاس بۆ خۆڕاگری خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە توانیویانە خۆڕاگرانە ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگ و هەموو ئاڵنگاریەک ببنەوە و، نەیانهێشت پیلانی ناحەزان سەربکەوێت و وایان کرد کوردستان بە سەربەرزی ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت.

لەبارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، جێگری سەرۆکی پارتی، ڕایگەیاند، یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیمان لە هەرێمی کوردستان دانا، بۆ ئەوەی هەموو کرێکارێک و کارمەندێک لە کەرتی تایبەتەق دەستەبەر بکرێت و مافی نەفەوتێت و خانەنشینی بۆ ببڕێتەوە، ئەمە قۆناغێکی زۆر گرنگە، وامان کرد قۆناغی ئابووری هەرێمی کوردستان بخەینە سەر ڕێڕەوێکی ڕاست و دروست، لە ڕابردوودا بۆ نموونە ئەندازیارێک ئامادەبوو بچێتە کەرتی گشتی دابمەزرێت ئەگەر مووچەکەشی کەم بایە تەنیا لەبەر ئەوەی کە تەمەنی خانەشینی هات خانەنشین بێت و مووچەیەکی بۆ ببڕێتەوە، بەڵام بەم یاسایە ئێستا هاووڵاتی لە کەرتی تایبەتیش مووچەی خانەنشینی بۆ دەبردرێتەوە.

مەسرور بارزانی، هێمای بۆ ئەوە کرد، کە وادەکەن لە داهاتوو هاووڵاتیی ناچار نەبێت بێت و بیەوێت لە کەرتی گشتی دابمەزرێت، بەڵکو وای لێ دەکەن بە ئارەزووی خۆی کوێی بوێت لە کەرتی تایبەتدا کاری لێبکات و مافیشی نافەوتێت و دەستەبەر دەکرێت، هەروەها ئەوەندە دەرفەتی کار لە هەرێمی کوردستان فەراهام دەکەن و وا دەکەن هاووڵاتیی خۆی بڕیار بدات کە کەرتی حکوومی دەوێت یان کەرتی تایبەت بۆ کارکردن.

ک

 

"هەژماری من" پرۆژەیەکە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دایە

لەبارەی سیسەتمی ئەلیکترۆنییەوە، جێگری سەرۆکی پارتی، دەڵێت: سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردن و بە دیجیتاڵیکردن، سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیا بۆ بابەتە خزمەتگوزارییەکان هەموو بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتییانە تا ببێتە کارئاسانی بۆیان، هیوادارم ئێوەش گرنگی بە تەکنەلۆجیا بدەن و خۆتان فێر بکەن تا سوود لە خزمەتگوزارییەکان حکوومەت وەرگرن.

مەسرور بارزانی، باسی لە پرۆژەی "هەژماری من" کرد و گوتی: ئەو پرۆژەیە ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە و دەتوانن هەموویان ببنە خاوەن هەژماری بانکی و سیستەمی هەژماری من بەکار بهێنن، لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە هاووڵاتییان دەتوانن لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی بانکی سوودمەند بن، گرنگترینیان هاووڵاتییان دەتوانن قەرز وەرگرن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن کاری خۆیان دامەزرێنن و ببنە خاوەنکاری خۆیان.

دەشڵێت: ئینشاڵڵا لە پەرلەمانی داهاتوو یاسای کار دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە و بۆ پاراستنی مافی کاسبکار و پیشەوەر دەبێت. سیاسەتی ئێمە بۆ دابینکردنی دادپەروەریی دەبێت و بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت ڕێگری لە هاووڵاتییان بکات، هەروەها هەوڵمان داوە لە ئاستی زانکۆکان بابەتی پیشەوەری بکەین بە شتێک کە هاووڵاتیی بتوانێت بچێت سوود لە خوێندنی باڵا وەرگرێت بۆ ئەوەی ئەو پیشەیەی کە دەیەوێت فێر بێت بچێت زیاتر ئەزموونی لێ وەرگرێت.

پ

 

لە دوو ساڵی داهاتوودا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابین دەکەین

لەبارەی پلانی داهاتووەوە، جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، لە داهاتوودا لەگەڵ وڵاتانی خاوەن ئەزموون هەماهەنگی زیاتر دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەزموونی ئەوان بگوازینەوە بۆ هەرێمی کوردستان و، کەسانی شارەزاش دەهێنینە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە کارەکانماندا سوود لە توانا و شارەزای ئەوان وەرگرین.

سەبارەت بە کەرتی کارەبا، مەسرور بارزانی، دەڵێت: زۆر جار لەوانەیە هاووڵاتی گلەیی ئەوە بکەن کە بۆ کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمن، بەڵام من دەمەوێت بەبیرتانی بێنمەوە ئێمە لە ساڵی 1991 تەنیا 350 مێگاوات کارەبامان هەبوو، بەڵام ئێستا ئێمە سێ هەزار و 500 مێگاوات بەرهەمی کارەبامان هەیە، ڕێژەی هاووڵاتییانیشمان بووەتە دوو بەرامبەر، بۆیە نەمانتوانیوە کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکەین چونکە خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زۆرە، سەرەڕای ئەوەش ئێمە هەوڵێکی زۆر جیددیمان دا کە سەرچاوەی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکەین، بەڵام هەم دیسانەوە ڕێگرییان کرد، لە ئەنجامدا گەیشتینە ئەو بڕواییەی کە دەبێت هەندێک چاکسازی لەو کەرتەدا بکەین، هەروەها لە ماوەیەکی نزیکدا هەوڵ دەدەین هەموو هەولێر کارەبای 24 کاتژمێری هەبێت، لە دوو ساڵی داهاتوو هەموو کوردستان کێشەی کارەبایان نابێت و ئەوانەشی کەمدەرامەتن زۆر ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.

هاوکات باسی لە پرۆژەی دابینکردنی ئاو کرد، جەختی لەوە کردەوە، دەستیان کردووە بە پرۆژەیەکی زۆر گرنگ بۆ گەیاندنی ئاوی پێویست بۆ هەولێر، چونکە هەولێر زۆر بە خێرایی فراوان دەبێت و دانیشتووانی زیاد دەکات و پێویستی با ئاوە، لە سەردەمی حکوومڕانی پاشایتییەوە لە عێراق تا ئەمڕۆ لە کاتژمێرێکدا 13 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دێت، تەنیا بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دەگەیەنێت بۆ هەولێر لە کاتژمێرێکدا، ئاستی ئاو لە هەولێر لە 13 هەزارەوە بەرز دەبێتەوە بۆ 33 هەزار مەتر سێجا، ئەمەش وادەکات پارێزگاکە تا 30 ساڵی داهاتوو قەیرانی کەمیئاوی نەبێت، بە هەمانشێوە بۆ قوشتەپەش پرۆژەیەکی لەو شێوەیە هەیە و کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پ

 

وا دەکەین لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری لە ناوچەکەدا

مەسرور بارزانی، باسی لەوەش کرد، لە داهاتوو وادەکەین بە هیچ شێوەیەک کێشەی کەمی ئاو و کارەبا نەمێنێت لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هەوڵێکی زۆرمان داوە کە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان فرەچەشن بکەین، بەرنامەی زۆر باشیش لە سەرجەم سێکتەرەکان جێبەجێ کراون.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، بە گەشبینییەوە، گوتی: هیوادارم هاووڵاتییانمان بێ ئومێد نەبن و بە ئومێدێکی زۆرەوە بۆ ئاییندەیەکی گەش بڕوانن، هەروەها ژێرخانێکی بەهێز بۆ کوردستان دروست دەکەین، سەقامگیری سیاسی لە کوردستان فەراهام دەکەین و کارێکی وا دەکەین هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری لە ناوچەکەدا، کە کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی هەموو هاووڵاتییان دەبێت. کوردستان زۆر دەوڵەمەندە تەنیا دەبێت لە دەستێکی ئەمیندا بێت و ئیدارەیەکی باشیش بکرێت. پشتیوان بە خوا بە دەنگی ئێوە لەم هەڵبژاردنە سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست دەهێنین و ڕێگرییەکانی لایەنەکانی دیکەش لادەبەین کە ناهێڵن خزمەتگوزاری بگاتە هەموو هاووڵاتییان، وادەکەین کوردستان یەک دەست و پێشکەوتوو بێت، پارتی لەگەڵتان دەمێنێتەوە و وەفادار دەبێت. پێویستە هەمووتان کاتی هەڵبژاردن بچنە سەر سندووقی دەنگدان بۆ ئەوەی کەس و لایەنی دیکە لە بری ئێوە دەنگ نەدەن، ئێوە دەبێت بڕیار لە چارەنووسی خۆتان بدەن پێش ئەوەی لایەنی دیکە بیەوێت بڕیار لە چارەنووستان بدات.

پ
 
Fly Erbil Advertisment