زانکۆلاین پێنج ڕۆژ درێژ کرایەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەى زانکۆلاینی بۆ پێنج ڕۆژى دیکە درێژکردەوە.
دووشەممە، 30-09-2024، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: لە پێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى 12ـی ئامادەیى بۆ ئەوانەى تاوەکوو ئێستا فۆرمى (زانکۆلاین)ـیان پڕ نەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردووە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین بۆ پێنج ڕۆژى دیکە واتە تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی شەوى شەممە لەسەر یەکشەممە ڕێکەوتى (2024/10/5) بۆ دەرچووانى پۆلی 12ـی ئاماەیی درێژ بکرێتەوە.
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، "لە پێناو بەرژەوەندىی گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووان، بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆرمى زانکۆلاین تەواو بکەن، هەروەها دەروچوانى خوێندنگە کوردییەکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانیش بەهەمان شێوەیە لەم ماوەیەدا دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو پێنج رۆژەدا دەرچوانى هەردوو خولى یەکەم و دوەم فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە."
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تاوەکوو پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەممە، 30-09-2024، (71%)ى دەرچووانى ئەمساڵ داواکارییان لە ڕێگەى زانکۆلاین پێشکەش کردووە، واتە (39000) سى و نۆ هەزار دەرچووى ئەمساڵ و (6000) شەش هەزار دەرچووى ساڵانى پێشوو تاوەکوو ئێستا داواکارییان پێشکەش کردووە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا دوپاتیشی دەکاتەوە: ئەمە دوایین دەرفەتە و چی دیکە ماوەى زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچووانى قۆناغى 12ـی ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمى زانکۆلاینیان پڕنەکردووەتەوە، پێویستە لە ماوەى ئەو پێنج ڕۆژەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین.