دژوار فایەق مەرامێکی پشت سەرژمێری گشتیی عێراق ئاشکرا دەکات

دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140ـی ده‌ستوور
دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماددەی 140ـی ده‌ستوور

دژوار فایەق، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق هۆشداری لە فێڵێکی مەترسیداری گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکات و دەڵێت: مەرامێک هەیە بە تۆمارکردنی ئەو عەرەبانەی لە تۆماری 1957 دا نین و سڕینەوەی ئەو کوردانەشی لە تۆمارکەدان، بەمەش دەیانەوێت "ئەمری واقع" بسەپێنن.

دژوار فایەق  لە لێدوانێکی تایبەدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی:  حکوومەتی عێراق لە سەرژمێری 2024 کە بڕیارە مانگی داهاتوو بکرێت، مەبەستییەتی لە کەرکووک و شارەکانی دیکەی سنووری ماددەی 140، "ئەمری واقع" بچەسپێنێت و ئەو عەرەبانەی ناویان لە تۆماری ساڵی 1957 نییە لەسەر کەرکووک تۆمار بکرێن، بە پێچەوانەشەوە ئەو کوردانەی ناویان لە تۆمارەکەدا هەیە و ئێستا لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی عێراق نیشتەجێن لەسەر کەرکووک تۆمار نەکرێن.

دەشڵێت: ئەمە دژی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە، کە وەکو چارەیەکی یاسایی بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی شێوازەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دانراوە.

هەروەها پێشنیاز و داوا دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو هەوڵەی لە پەنای سەرژمێری گشتیی دەدرێت، ئەم هەنگاوانە لە پرۆسەی سەرژمێری جێبەجێ بکرێن:

1- ئەو کوردانەی تۆماری ساڵی 1957 یان هەیە و خەلکی کەرکووک و شارەکانی دیکەی ماددەی 140ـن لەسەر شارەکانی خۆیان تۆمار بکرێن.

2- ئەو عەرەبانەی ئێستە نیشتەجێی کەرکووک و شارەکانی دیکەی سنووری ماددەی 140 ـن و ناویان لە تۆماری ساڵی 1957 نیە، نابێت ڕێگە بدرێت لەسەر کەرکووک و شارەکانی دیکەی سنووری ماددەی 140 تۆمار بکرێن، چونکە ئەمە چەسپاندنی تەعریبە.

3- پێویستە لە فۆرمی سەرژمێریدا نەتەوەش تۆمار بکرێت .

دژوار فایەق گوتیشی: ئەگەر ئەم هەنگاوانە نەگیرێنەبەر، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای دواخستنی پرۆسەی سەرژمێریی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بکات، چونکە ئەگەر پرۆسەکە بکرێت، لە داهاتوودا تۆمارەکانی 2024 دەبنە بنەمای یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچەکان.

هەروەها ئاماژەی دا، لە دوای 1961ـەوە ئەو تەعریبەی لە کەرکووک ناوچە کوردستانییەکانی دیکە کراون لەگەڵ ئەو کۆڕەوەی بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر شنگال و ناوچەکانی دیکە کراوە، خەڵکێکی لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات نیشتەجێ بوون، ڕەنگە بۆ خۆ تۆمارکردن لەم سەرژمێرییە هەر هەموویان نەتوانن بگەڕێنەوە کەرکووک شنگال و ناوچەکانی دیکە، جا بە هۆی ئەمنی، یان هەر هۆکارێکی دیکە بێت.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق گوتیشی: لەم پرۆسەیەدا نابێت ئەو عەرەبانەی لە دوای 1957ـەوە لە چوارچێوەی تەعریب لە کەرکووک ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نیشەجێ کراون، تۆمار بکرێن. جیا لەمەش، بە گوێرەی دەستوور چوار نەتەوەی سەرەکی پێکهێنەری عێراقن (عەرەب، کورد، تورکمان، کلدۆئاشوور)، هەربۆیە گرنگە ئەم خاڵەی دەستوور لە تۆمارکردنی نەتەوە لە سەرژمێری ڕەچاو و جێبەجێ بکرێت.  

Fly Erbil Advertisment