پێنج هۆ بەهای دیناری عێراقییان دابەزاندووە

ڕاوێژكاری بازرگانی و بازاڕگەریی ڕایگەیاند، پێنج هۆ بەهای دیناری عێراقییان بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی دابەزاندووە و پێشبینیش دەکات، زیاتر داببەزێت.
ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکانی هەرێمی کوردستان، 100 دۆلاری لە نێوان 151،700 بۆ 151،800 دیناریی عێراقی مامەڵەی پێوە کراوە.
بیلال سەعید، ڕاوێژكاری بازرگانی و بازاڕگەریی بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دینار لەبەر ئەم پێنج هۆیە، ڕۆژانە بەهاکەی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی لە دەست دەدات:
1. گرژییەكان و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی و ترسی گواستنەوەی شەڕەكە بۆ عێراق.
2. خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی ناو عێراق دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و ترسی هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر حەشدی شەعبی و هێزە شیعییەکانی دیکە.
3. زیادبوونی خەرجییەكانی حكوومەتی عێراق و گۆڕینەوەی دۆلارێكی زیاتر بۆ دینار بۆ خەرجییەكان.
4. زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار لەناوخۆی عێراق لەلایەن هاووڵاتییان و بازرگانەكان.
5. زیادبوونی خواست لەسەر حەواڵە و سنوورداری ڕێكخستنی مامەڵەكان وایكردووە خواستی زیادە لەسەر دۆلار دروست ببێت.
بیلال سەعید ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکوو ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکە و بەتایبەت شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی بەردەوام بێت، چاوەڕێ دەکرێت بەهای دیناری عێراقی زیاتر بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی داببەزێت.