نێچیرڤان بارزانی: لە هەر کوێ پارتی هەبێت ئاسایش و ئاوەدانی و بونیادنان هەیە
جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: مێژوو و خەباتی پارتی لەپێناو گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دیار و ئاشکرایە، لە هەر کوێ پارتی هەبێت ئاسایش، ئاوەدانی و بونیادنان هەیە.
10ـی تشرینی یەکەمی 2024 نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، هاووڵاتی ئازیز لە 20ـی ئۆکتۆبەر دەنگ بدە بەو لیستەی کە خزمەت بە تۆ و کوردستان دەکات، دەنگ بدەن بە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان.
جێگری سەرۆکی پارتی، دەڵێت: مێژوو و خەباتی پارتی لەپێناو گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دیار و ئاشکرایە، لە هەر کوێ پارتی هەبێت ئاسایش، ئاوەدانی و بونیاتنان هەیە، پێشکەوتن و گەشانەوە هەیە، لە سایەی پارتیدا سەر و ماڵی هەمووان پارێزراوە، خاوەن کاران و کاسباکاران بە خەیاڵێکی ئاسوودە کاری خۆیان کردووە، لە کار، ژیانی خۆیان، ماڵ و منداڵیان دڵنیابوون.
هاوکات ڕایگەیاند، پارتی حزبی کار و کردارە، حزبی بەرپرسییارەتییە نەک حزبی قسە و دروشمی بەتاڵ، قسە و بەڵێنی بێ بنەما ئاسانە بە هەموو لایەک دەکرێت، بەس هەموو لایەک وەک پارتی ئەهلی کار و کردار نین، پارتی مننەتی کار و خزمەت بەسەر خەڵکەوە ناکات، خزمەتکردن ئەرک و شانازییە بۆ پارتی، چونکە پارتی واتە خزمەت، پارتی واتە ئاسایش، ئاوەدانی، ژیان و پێشکەوتن.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، پارتی واتا پاراستنی کوردستان و دەستکەوتەکانی، واتا مسۆگەرکردنی پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن و لێبووردەیی. پارتی بەرگریی لە مافی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکات، وێڕای هەموو سەختی و ڕێگرییەکان، پارتی زۆر دەستکەوتی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان بەدەست هێناوە و، هێشتاش زۆریش ماوە بیکات.
نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوە کردەوە، پارتی چاوی لە متمانە و پشتگیری خەڵکی کوردستانە و بۆ ئەوەی لە کار و خزمەتکردن بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی کەموکوڕی و کێشەکان چارە بکات.
جێگری سەرۆکی پارتی، داوایەکی تایبەتی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و گوتی: هاووڵاتیی ئازیز بۆ ئەوەی کار و خزمەت بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی کێشەکان چارە بکرێن، بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، بۆ بەردەوامی پێشکەوتن، سەرکەوتن و پاراستنی کوردستان بۆ ئێستا و داهاتوو، دەنگ بدەن بە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان.گوتیشی: پشت بە خوا و ئیرادەی گەلی کوردستان پارتی سەردەکەوێت و کوردستانیش سەردەکەوێت.