دوو بنکەی تەندروستی لە ئاکرێ کرانەوە و بەردی بناغەی پرۆژەیەکی دیکەش دانرا

دوو بنکەی تەندروستی لە ئاکرێ کرانەوە و بەردی بناغەی پرۆژەیەکی دیکەش دانرا
دوو بنکەی تەندروستی لە ئاکرێ کرانەوە و بەردی بناغەی پرۆژەیەکی دیکەش دانرا

بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار دینار، دوو بنکەی تەندروستی لە سنووری قەزای ئاکرێ کرانەوە و بەردی بناغەی پرۆژەیەکی دیکەی تەندروستیش دانرا. 

یەکشەممە، 13-10-2024، ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری نەخۆشانی تەلاسیمیا و بنکەی تەندروستیی ناحیەی دینارتە و دانانی بەردی بناغەی سەنتەری شووشتنی گورچیلە لە سنووری قەزای ئاکرێ، بەڕێوە چوو. کۆی گشتیی گوژمەی هەر سێ پرۆژەکە، زیاتر لە هەشت ملیار و 700 ملیۆن دینارە. 

هەر یەکە لە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ د. دلاوەر هەرکی، قائیمقامی ئاکرێ و د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک؛ ئامادەیی ڕێوڕەسمەکە بوون. 

وەزیری تەندروستی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سەنتەری تەلاسیمیا، بۆ ئێمە پرۆژەیەکی زۆر گرنگ بوو و دڵنیایین خزمەتێکی زۆر بە نەخۆشانی تەلاسیمیا لە سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کە نزیکەی 250 نەخۆش دەبن، دەگەیەنێت و خانەوادەکانیشیان چی دیکە ناچار نابن بۆ چارەکردنیان، بیانبەنە شارەکانی دیکە".

لە سەنتەری نوێی تەلاسیمیا لە ئاکرێ، وەکوو ئەوەی وەزیری تەندروستی ئاماژەی پێ دا: "پشکنینەکان بە کوالێتییەکی باشتر لە تاقیگەکاندا دەکرێن و بە باشترین شێوە خزمەتی نەخۆشان دەکرێت". 

 وەزیری تەندروستی جەختیشی کردەوە: "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژە تەندروستییەکان بۆ هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بەردەوام دەبن و پلانیان بۆ جێبەجێکردنی چەندان پرۆژەی تەندروستیی دیکە داناوە". 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment