لە کەرکووک بنکەیەکی دەنگدان بۆ هێزە ئەمنییەکان کراوەتەوە

18 ئەم مانگە لە هەڵبژاردنی تایبەت بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و دەنگ دەدەن.

عەلی عەباس گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئۆفیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بنکەیەکی دەنگدان بۆ هێزەئەمنییەکانی سەربە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری حکوومەتی فیدراڵ لەکەرکووک کراونەتەوە کە دوو وێستگەی تێدایە و تایبەتە بەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکان کە ماڵیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەو دەوامییان لەکەرکووکە.

گوتیشی: ژمارەی ئەو هێزە ئەمنیانە 488 کەسن و بڕیارە لە 18ـی 10 بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بکەن و دەنگ بە نوێنەرانی خۆیان بدەن، ئاماژەی بەوەش دا، هەڵبژاردنەکە لەکەشێکی ئازاد بەڕێوەدەچێت بەبێ هیچ فشارێک، سەرجەم ئامادەکارییەکانیش بۆئەو مەبەستە تەواوکراون.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.

 
 
Fly Erbil Advertisment