چین بە مانۆری سەربازی گەمارۆی تایوان دەدات
ئەمەریکا نیگەرانە و داوا لە چین دەکات دان بەخۆیدا دابگرێت

سوپای چین لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە 14ی تشرینی یەکەمی 2024، لە دەوروبەری دوورگەی تایوان، بە فڕۆکە و کەشتی جەنگی دەستی بە مانۆرێکی فراوان و چڕکردووە و ڕاشیگەیاندووە: "مەبەست لەم مانۆرەی گەیاندنی پەیامێکی توندە بۆ جوداخوازەکانی دوورگەکە".
مانۆرەکەی سوپای چین، حکوومەتی تایوانی شڵەژاندووە و ترسیان لەوەیە هێرش بکات و بە زەبری هێز کۆنترۆڵی دوورگەکە بکات. هەروەها تایوان مانۆرەکە بە "ناعەقڵانی و شەڕ پێفرۆشتن" ناوبردووە و ڕایگەیاندووە، توانا و هێزی پێویستیان بۆ وەڵامدانەوەی هەر کارێکی هەڵەشانەی چین هەیە و هێزیان ڕەوانەی سنوورەکان کردووە.
وەزارەتی بەرگری تایوان بڵاوی کردووەتەوە: "دوورگەکانی تایپێ لە ئامادەباشی تەواودان و فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکان بەگوێرەی یاساکانی شەڕ هەڵسوکەوت لەگەڵ بارودۆخەکە دەکەن و بۆ وەڵامدانەوەی هێزەکانی چین فەرمانیان پێ دراوە".
هەروەها ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لە بارەی شڵەژانی دۆخی ناوچەکە ڕاگەیاندووە و مانۆرەکەی چینی بە کارێکی ناپێویست ناوبردووە و ئاماژەی داوە: "مەترسی زیاتربوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە هەیە و داواشی لە پەکین کردووە دان بەخۆی دابگرێت".
لەلایەن خۆیەوە حکوومەتی چین ڕایگەیاندووە: "مانۆڕەکانیان هۆشدارییەکی توندە بۆ ئەو جوداخوازانەی بانگەشەی دابڕاندن و سەربەخۆیی تایوان دەکەن" ئەمەش لە کاتێکدایە هەڵوێست و لێدوانە توندەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی نوێی تایوان، لەی چینگ تێ، کە لە مانگی ئایارەوە دەستبەکار بووە، پەکینی تەواو توڕە کردووە.