نێچیرڤان بارزانی: هەڕەشەی داعش کۆتایی نەهاتووە

لەڕێورەسمی 29یەمین خولی پێگەیاندنی سەربازیی لە زاخۆ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا گوتی: "هاوپەیمانانی نیودەوڵەتی هاوکار و پشتیوانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بوون."
پێنجشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەڕێورەسمی 29یەمین خولی پێگەیاندنی سەربازیی لە زاخۆ وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "پێگەیاندنی ئێوە لەم خولەدا بۆ خەبات و تێکۆشانە بۆ پاراستنی میللەت و کوردستانە، لەبەر ئەوە دەرچوونی ئێوە ئەمڕۆ، تەواو کردنی خوێندن و بەدیهێنانی بڕوانامە نییە، بەڵکو ئەمڕۆ خزمەت و ئەرکی ئیوە لەگەڵ دامودەزگای حکوومەت و خزمەتی کوردستانە."
سەرۆکی هەرێم گوتی: "ئەم ئەرکەی ئێوە بۆ هەموو ئێمە، شانازییەکی گەورەیە، پەیامی نۆ مانگی مەشق و ڕاهێنان و فێربوونی ئێوە بۆ ئەزموونێکی دەوڵەمەندە کە وەرتان گرتووە، تاکوو ئەمڕۆ بتوانن خزمەتی وڵاتی خۆتان بکەن."
گوتیشی: "بڕوانامەی ئێوە بەتەنیا دەستکەوتێکی ئەکادیمی نییە، بڕوانامەی ئێوە پەیمانی شەرفمەندیی و سیمبولی دڵسۆزی و وەفادارییە و ئەمانەتێکی گەورەیە بۆ خزمەتی میللەت و وڵاتی خۆتان. نیشاندانی ئامادەیی و توانای ئێوە بۆ هەر قوربانییەک لە پێناو وڵاتدا، بە مێژووی ڕێگەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان دادەنرێت"
سەرۆکی هەرێم گوتیشی: " پێشمەرگە قوربانییەکی زۆری داوە، هێزی پێشمەرگە بە ڕۆحی خۆڕاگری و بە خوێنی خۆی بەرگری کردووە، تاکوو هەموو جارێک بە گیانی خۆی خاکی کوردستان بپارێزێت و بەرگریی لە دۆزی هاونیشتمانیانی خۆی بکات، بۆ ئازادی و شکۆمەندی کوردستان، پێشمەرگە هەرگیز سەری بۆ دوژمن دانەنەواندووە."
هەروەها نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان دەگەیەنینە هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لە شەڕی داعش پشتیوانیی لە هێزی پێشمەرگە کردووە، هەروەها هاوکاریی ئەوان بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق ستراتیجی و یەکلا کردنەوە بووە. نموونەیەکی زیندووی هاوکارییەکانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو بەرەنگاریی و تەحەدییانەی کە هاتنە سەر ڕێگەی ئێمە."
ئاماژەی بەوەش دا: "گرنگە باسی هەماهەنگی و هاوکارییەکانی هێزی هاوپەیمانان بدەین بۆ هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەرامبەر تیرۆرستان، بەتایبەت کاتێک هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهەماهەنگی بەرگرییان لە خاکی عێراق کرد، ئەمڕۆ سەری ڕێز بۆ شەهیدان دادەنەوێنین کە لە پێناو بەرگریی لە خاکی عێراق گیانی خۆیان سپارد، جا سوپای عێراق بێت یا حەشدی شەعبی یان پێشمەرگە بێت."
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "بە بروای ئێمە داعش هێشتە مەترسییە لەسەر ئاسایشی عێراق و دەڤەرەکە، لەبەر ئەوە زۆر گرنگ و پێویستە بەردەوام هاوکاریی هەبێت لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە."