لیژنەی دانوستانەکانی عێراق: دەبێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا لە سەربازییەوە بگۆڕین بۆ ئابووری

لیژنەی باڵای هەماهەنگیی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیی بۆ پەیوەندیی دۆستایەتی و هاوکاریی لەگەڵ ئەمەریکا، جەختی کردەوە "کە پێویستە پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن بۆ هاوبەشێکی ئابووری بگوازرێتەوە لە جیاتی بایەخدان بە کاروباری سەربازی."

لیژنەی باڵا بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، کە سەرجەم نوێنەرانی لیژنە لاوەکییەکانی ناو لیژنەی باڵا ئامادەی بوون، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە "لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا کرا، ئەمە جگە لە پێداچوونەوە بەو دەستکەوتانەی کە لە میانی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا لە واشنتۆن دی سی پەسەند کران."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکە گفتوگۆ لەسەر ئەو تەوەرانە دەکرێت کە لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە،  ئەویش هاوکاریی سیاسی، دیپلۆماسی، ئاسایش و بەرگری، وزە، ئابووری، پەروەردە، تەندروستی و ژینگە لە خۆدەگرن."

وەزیری دەرەوە، جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕێگەی جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە و گواستنەوەی پەیوەندییەکە بۆ هاوبەشیەکی ئابووریی بەهێز کردەوە، گوتیشی: "نابێت تەنیا بایەخ بەلایەنی سەربازی و ئەمنییەکان بدرێت، بەڵکو هاوکارییەکان فراوانتر بکرێت، بۆ ئەوەی بوارەکانی ئابووری و تەندروستی و پەروەردە و بوارەکانی دیکە بگرنەوە."  

 

 

 

 

 

 

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment