مایڵز کاگینز: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک هەنگاو نراون

گوتهبێژی كۆمهڵهی پیشهسازیی نهوتی كوردستان، دەڵێت: پێشوازی لەو هەنگاوەی حکوومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەین. جەختی لەوە کردەوە، دەرهێنان و وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق تێچوویەکی زیاتری دەوێت.
ئەمڕۆ هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024، مایڵز کاگینز، گوتهبێژی كۆمهڵهی پیشهسازیی نهوتی كوردستان (ئهپیكور)، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەم دواییە لەلایەن حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک هەنگاوی زۆر باش نراون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام گرنگە سوودانی لەسەر بەڵێنەکەی خۆی بێت و بتوانێت ئەو کارە بکات.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، وەک کۆمپانیا نەوتییەکان سەرەنجیان لەسەر ئەوەیە کە گەرەنتی بیکرێن لە داهاتوودا و پارەی هەناردە و فرۆشتنی نەوتیان پێ بدرێت. هاوکات دەڵێت: دەرهێنان و وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق تێچوویەکی زیاتری دەوێت.
لەبارەی زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان، گوتەبێژی ئەپیکور، گوتی: لەو کاتەی کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە زیاتر لە 22 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق گەیشتووە.
مایڵز کاگینز باسی لەوە کرد، حکوومەتی ئەمەریکا زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کردووە لە کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان. هەروەها گوتیشی: ئیدارەی بایدنیش لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
سێشهممه، 5ـی تشرینی دووهمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق به سهرۆكایهتی محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق كۆ بووهوه و له كۆبوونهوهكهدا چهند بڕیارێكی دهركرد و یهكێك له بڕیارهكان تایبهت بوو به پهسندكردنی پێشنیازێک بۆ هەموارکردنەوەی ماددەی (12/ب2/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵه ژمارە (13ـی ساڵی 2023). کە تایبەتە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر ماددەکە هەموار بکرێتەوە تێچووەکە لە 5 دۆلارەوە دەکرێتە 16 دۆلار.