شاندی پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆ دەبێتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە شاری سلێمانی و ئێستا لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆ بوونەوەدان و دواتریش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆ دەبنەوە.

چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ڕایگەیاند، شاندی پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە سلێمانی، گەیشتنە بارەگای جووڵانەوەی نوێ و لەوێ لەگەڵ ئەو جووڵانەوەیە لە کۆبوونەوەدان، شاندەکە پێکهاتبوون لە پشتیوانی سادق و دڵشاد شەهاب، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ ڕاگەیاندنەکان نەبوو، بڕیارە شاندەکەی پارتی سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان بکەن و لەگەڵ دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بەختیار عومەر ئاولی، شێخ کامیل پێنجوێنی، دلێر عەبدولخالق، کۆببەنەوە،  وەک لە ئەجێندانی شاندەکەی پارتیدا هەیە و هەریەک لە دڵشاد شەهاب و هێمن هەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەیان بۆ کرد، ئامانجیانە گفتوگۆ بکەن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی بەنیازە ڕای هێز و لایەنە سیاسییەکان لەو بارەوە وەربگرێت، بەپێی زانیارییەکان شاندەکەی پارتی بەنیازبووە سەردانی گۆڕان، نەوەی نوێ، بەرەی گەل و سۆسیالیست بکات، بەڵام سۆسیالیست و بەرەی گەل بە کوردستان24 یان ڕاگەیاند، هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دانەنراوە، ڕەنگەی کۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ ئەو لایەنانەش لەگەڵ پارتی ڕۆژانی داهاتوو دەست پێبکات، لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش، سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەکیان لە هەولێر هەبووە، ڕەنگە کۆبوونەوەی  پارتی و یەکێتی بکەوێتە دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە 2ـی کانوونی یەکەم.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ئاشکرای کرد،  ئەمڕۆ فەرمانی وەزاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە دەست دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بانگهێشتننامە بۆ گشت ئەندامانی هەڵبژێردراوی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بنێرێت کە رۆژی 2ـی کانوونی یەکەم، یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت.

پەیامنێری کوردستان ڕایدەگەیەنێت:سەردانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سلێمانی و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەیە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان کە خاوەنی یەک کورسییە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە دانا ئەحمەد مەجید، وەک ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دوای ناکۆکییەکانی لەگەڵ کوڕەکانی نێوشیروان موستەفا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: گۆڕان هەرچەند کورسی بەدەست بێنێت لە هەڵبژاردندا، بەشداریی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵام شاندەکەی پارتی ڕایانگەیاندووە، سەردانی هەموو ئەو لایەنانە دەکەن کە دەیانەوێت بەشداریی حکوومەت بکەن یاخود نا، بۆیە پارتی دووپات لەوە دەکاتەوە کە پێویستە یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، یەک هەرێم، یەک هێزی پێشمەرگە هەبێت، ئەوەش بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ڕوون دەکەنەوە، بۆ ئەوەی لە زووترین کات حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک بێت.

 دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-11-2024، شاندی پارتی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری سلێمانی دەکات. 

دڵشاد شەهاب کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتییە، ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییان بە هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە کردووە و لەگەڵ هەمووان کۆ دەبنەوە "تەنانەت ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنی خۆشیان ڕاگەیاندووە." ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ئەمڕۆ نەتوانن لەگەڵ هەمووان کۆ ببنەوە، بەڵام سبەینێ و ڕۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت. 

لە وەڵامی پرسیاری "ئەمڕۆ لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆ دەبنەوە؟" دڵشاد شەهاب گوتی "دەمانویست بەپێی ڕێزبەندی کورسیی و دەستکەوتی هەڵبژاردن، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆ ببینەوە، سەرەتا دەمانویست لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کۆ ببینەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەیە، ئەمڕۆ ناتوانین لەگەڵیان کۆ ببینەوە. بە دڵنیاییەوە لە پەیوەندیداین و ڕۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەمان دەبێت.

چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024، هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە، لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، بەبێ بوونی ڤیتۆ پارتی دەرگای کراوەیە و سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی  دەڵێت: "قۆناغێکی نوێیە خەڵکی کوردستان بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردنێکی کارای کردووە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست ببێت و ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی کابینەی 10یەمی کوردستانە لە برەودان بە  بەردەوامیدان بە ڕێفۆرمیکی سەرانسەری، بە باشتر کردنی بارودۆخی خەڵکی کوردستان، بە ئیدارەدان بەو مەلەفانەی لەگەڵ بەغدا هەن و لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەرزکراونەتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت جێبەجێیان کات".

هێمن هەورامی دەشڵێت: "ئێمە داوامان لە هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەدابین کە خەڵکی کوردستان بە بەشداری فراوانی هەڵبژاردنەکان ئەو ئەرکەیان خستووەتە سەر شانی هەموو لایەنەکان، جا ئەوانەی لە دەبن بە ئۆپۆزیسیۆن یان ئەوانەی دێنە ناو کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە دواجار هەموومان بەشێکین لەو دۆخە سیاسییەی کە خەڵکی کوردستان بەشداری بۆ کردووە، لە ئەمڕۆوە پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی لایەنەکان دەکات". 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment