بەرپرسانی ئەمەریکا: هێرشی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر کۆبانێ نزیکە
وۆڵ ستریت جۆرناڵ: تورکیا هێزێکی زۆری بە درێژایی سنووری سووریا جێگیر کردووە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، سوپای تورکیا لەگەڵ گرووپە میلیشیاکانی سووریا بە درێژایی سنووری سووریا هێزەکانیان ئامادە کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ پەلاماردانی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: "بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا بێت، ئەو جموجوڵە سەربازییەی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا دەستی پێ کردووە و چەک و جبەخانە دەگوازێتەوە، هۆشدارییەکی مەترسیدارە کە ئەنقەرە بە نیازە لەگەڵ گرووپە میلیشیا هاوپەیمانەکانی سووریا، هێرشێکی فراوان بکەنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان."
بەرپرسە ئەمەریکییەکان ئاماژەیان داوە "ژمارەیەکی زۆری چەکدار و کۆماندۆ بە جلی فەرمیی سوپای تورکیاوە لە سەر سنوور و نزیک شاری کۆبانی جێگیر بوونە." یەکێک لە بەرپرسە ئەمەریکییەکان گوتویەتی: "بە گوێرەی ئەو ئامادەکاری و کۆکردنەوەی هێز بێت، ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان نزیک بووەتەوە."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) هەڕەشە لە هێرشکردنە سەر مەنبج و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت: "پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە دوژمنی سەرسەختی تورکیان."
باخچەلی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی لە دۆخی کورد لە وڵاتەکەی و سووریا کرد و گوتی: "پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) جگە لەوەی ببێتە پارتێکی تورکیا هیچ بژاردە و ڕێگەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە."
دوای ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە 27ی مانگی ڕابردوو هێرشەکانی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) هەڕەشە لە هێرشکردنە سەر مەنبج و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند "پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە دوژمنی سەرسەختی تورکیان."
هەروەها یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندووە "تاوەکوو ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، ئەمەریکا لە سووریا هەڵوێستێکی ڕوونی هەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و دەبێت هەمووان ئەو ڕاستییە قەبوڵ بکەن، ناکرێت پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ یەپەگە بەردەوام بێت، هەربۆیە دەبێت یەپەگە لە چەکی قورس دابماڵدرێت."