سێنتکۆم: هێرشێکی ئاسمانیمان کردە سەر دامەزراوەیەکی حووسییەکان

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی فەرماندەیی لە سەنعا."

سێنتکۆم، لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە "دامەزراوەی بە ئامانجگیراو، ناوەندێک بووە بۆ هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنی حووسییەکان، بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە جەنگی و بازرگانییەکانی سەر بە هێزی دەریایی ئەمەریکا لە باشووری دەریای سوور و کەنداوی عەدەن."

لە بەیاننامەکەیدا، سێنتکۆم جەختی لەوەش کردووەتەوە هێرشەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن، بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و ناوچەکە و ژیانی کەشتیوانی نێودەوڵەتییە.

حووسییەکان لە مانگی نۆڤەمبەرەوە نزیکەی زیاتر لە  100 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتیانەی کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن، ئەوان دەڵێن: "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانیان پاڵپشتیی لە گەلی فەڵەستین و کەرتی غەززە و لوبنانە."

حووسییەکان تا ئێستە دوو کەشتییان نوقم کردووە و دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە و لانیکەم چوار دەریاوانیشیان کوشتووە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment