بایدن هاوکارییەکی دیکەی سەربازیی بۆ تایوان پەسەند کرد

هاوکارییە تازەکەی واشنتن بە بەهای 571 ملیۆن دۆلارە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

جۆ بایدن بەر لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هاوکارییەکی دیکەی سەربازیی وڵاتەکەی بە بەهای 571 ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیی توانا سەربازییەکانی تایوان پەسەند کرد، تایوان سوپاسگوزارە و پەکینیش توڕەیی خۆی دەربڕیوە.

لە ڕاگەیەنەدراوەکەی کۆشکی سپی هاتووە "مانگێک پێش جێهێشتنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، جۆو بایدن داوای لە ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە ڕێگە بە ناردنی کەرەستە و خزمەتگوزارییەکان بدات بۆ دابینکردنی پشتیوانیی لۆجستیی سوپای تایوان.

ئەمە دووەمین هاوکاری ئەمەریکایە لە ماوەی سێ مانگدا، پێشتر لە ئەیلولی ڕابردوودا، بایدن هاوکارییەکی دیکەی بە بەهای 567 ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدانی تایوان پەسەند کرد. 

لە بەرانبەردا، وەزارەتی بەرگریی تایوان سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکای کردووە بۆ پابەندبوونی بە ئاسایش و سەقامگیریی تایوان، بێ ئەوەی هیچ وردەکاری زیاتر لەسەر یارمەتییەکە بدرکێنێت.

بە پێچەوانەشەوە، حکوومەتی چین توڕەیی خۆی دەربڕیوە و هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ تایوان بە دەستوەردان دادەنێت و بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەوەی تایوان بەشێکە لە وڵاتەکەی، بەڵام جگە لە هاوکارییەکان، لە پێنج دەیەی ڕابردوودا، ئەمەریکا بە بەهای ملیارەها دۆلار چەک و تەقەمەنی بە تایوان فرۆشتووە، لەناویاندا فڕۆکەی جەنگی F-16 و کەشتیی جەنگی.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment