ئاتەشکەدەی ئەسفەهان، مێژووییەکی کۆن و دیمەنێکی سەرنجڕاکێش

ئاتەشکەدەی ئەسفەهان، یەکێکە لە کۆنترین پاشماوە مێژووییەکانی سەردەمی ساسانی و ئێستە بووە بە ڕووگەی گەشتیاران. ناوی کۆنینەی ئەم ئاتەشکەدەیە، قەڵای مهرین بووە و بە قەڵای ماربین یش ناوی هاتووە. ئاتەشکەدەکە، یەکێکە لە حەوت ئاتەشکەدە گرنگ و مەزنەکانی سەردەمی فەرمانڕەوایی ساسانییەکان.
ئاتەشکەدەی ئەسفەهان بە بەرزیی 100 مەتر لەسەر کێوی ئاتەشگا، لە شارۆچکەی ماربین بە دووری هەشت کیلۆمەتریی ڕۆژئاوای ئەسفەهان هەڵکەوتووە؛ لێرەوە دیمەنی جوانی شاری ئەسفەهان و باغ و مەزاراکانی دەوروبەری دیارن.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان میژووی ئەم ئاتەشکەدەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین و لە سەدەی سێیەمی پێش زایینەوە وەک جێگەیەک بۆ هەڵکردنی ئاگری نەمریی بەکار هێنراوە. لە تێکستە کۆنەکاندا ناوی بە قەڵای مهرین براوە و ئاماژە فەرهەنگیی و شارستانییە دێرینەکانی شارۆچکەی مهرین، یان ماربین، نیشانەی دێرینی و ڕەسەنی ئەم قەڵایەن.
نەخشەی بیناسازیی خانووی ئاتەشکەدەکە، نیشانەی دێرینیی و مێژووییەتی؛ هەر گۆشەیەکی 107 مەتر درێژە و وەک قەڵایەکی توند و بەهێز دروست کراوە. شوێنەوارەکانی دەری دەخەن کە ئەم بینایە پێشتر، پێنج نهۆم بووە، ئێستە تەنها دوو نهۆمیان ماونەتەوە. پاشماوەی ستوونی بەردینی بەرز و بەهێز کە ژوورە بچووکەکانی قەڵاکەیان ڕاگرتبوو، تا ئێستە دیارن. هەروا شوێنەواری پلەبەردییەکانی سەرکەوتن بۆ سەر کێوەکە بە ئاستەم ماونەتەوە. بیناکە لە خشتی خاوی تێکەڵ بە لاسکی قامیش دروستکراوە، لاسکە قامیشەکان بۆ توندکردنی ڕایەڵی خشتەکان بەکارهێنراون.
لەسەر بڵندترین خاڵی کێوەکە، ژوورێکی هەشت گۆشە هەیە کە هەموو گۆشەکانی پەنجەرەی ستوونیی تیرە نیومەترییان هەیە، زۆربەی توێژەران و لێکۆڵەرەوان لایان وایە ئەم ژوورە و پەنجەرەکانی ئاتەشکەدەی نەمریی زەردەشتییەکان بووە موغەکان بەردەوام تاودانی ئاگرەکەیان وە ئەستۆوە گرتووە.

