شاندی ئەمەریکا: لە سووریای نوێ پشتگیری کورد دەکەین

فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی لە سووریا باس لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە و شاندە ئەمەریکییەکە دەکات و دەڵێت: شاندی ئەمەریکی باسیان لە گرنگی یەکڕیزی کورد لە سووریا و ڕۆڵی کورد لە حکوومەتی داهاتووی وڵاتەکە کرد.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی لە سووریا میوانی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو و ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2025، شاندێکی ئەمەریکا لە قامیشلۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کۆ بوونەوە، باسیان لە گرنگی یەکڕیزی کورد لە قۆناغی نوێی سووریدا کرد و جەختیشیان لە یەکڕیزی گەلی کورد کرد لە بەشداری پرۆسەی سیاسیی لە سووریای نوێ.
گوتیشی: بەشداری پێکهاتە جیاوازەکان لە حکوومەتی نوێی سووریا بەشێکی دیکەی تەوەری گفتوگۆی ئەنەکەسە و شاندەکەی ئەمەریکا بوو.
گوتەبێژی ئەنەکەسە لەبارەی هەڵوێستی شاندەکەی ئەمەریکا لەسەر کورد گوتی:'' ئێمە ڕێز لە خەبات و ئایدۆلۆژیای کوردەکان دەگرین، پشتیوانیان دەکەین، چونکە چەندین ساڵە لە سووریا بۆ مافەکانیان تێدەکۆشن، بۆیە هاوشانی عەرەب دەبێت بەشێک بێت لە حکوومەتی داهاتوو سووریا.
فەیسەڵ یوسف هەروەها ڕایگەیاند:" ئەمەریکا پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە سووریا کردووە تاوەکوو هەموو پێکهاتەکان لە سووریای نوێدا بەشدار بن.
کۆبوونەوەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هێز و لایە کوردییەکان بۆ ئەوەیە یەکڕیزییەکی پتەو لەنێوانیان دروست بکات بۆ ئەوەی بە یەک شاند بەشداریی دانوستانەکانی دیمەشق بکەن و پارێزگاری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.