نەرمین مەعرووف: عێراق بودجەی تەواوی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەناردووە

دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەرکەوت، نزیکەی 10 تریلیۆن و 738 ملیار و 629 ملیۆن دینار، بۆ تەمویلی موچەخۆرانی هەرێم خەرج کراوە.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لەوبارەوە لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبوک، نووسیویەتی "دوێنێ دووشەممە، بە ئامادەبوونی لێژنەی دارایی پەرلەمان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی 'بودجە، ژمێرکاری، قەرزی گشتی' لەوەزارەتی دارایی کۆبووینەوە."

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش دا "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بۆ بەدواداچوون بۆ بودجەی ساڵی پار و تەمویلی پرۆژەی نوێ و بەردەوامەکانی وەبەرهێنان، هەمواری یاسای بودجە، قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق، کورتهێنانی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و مووچە."

هەروا نووسیویەتی "بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، دەرکەوت تا کۆتایی مانگی 12ـی 2024، لە کۆی زیاتر لە 89 تریلیۆن و 743 ملیار و 203 ملیۆن دینار بۆ مووچە لە عێراق، نزیکەی 10 تریلیۆن و 738 ملیار و 629 ملیۆن دینار، بۆ تەمویلی موچەخۆرانی هەرێم خەرج کراوە، کە دەکاتە ڕێژەی 11.96%ـی کۆی خەرجکراو بۆ مووچەی عێراق و 6.86%ـی کۆی خەرجکراوی فیعلی بودجە، کە نزیکەی 156 تریلیۆن و 610 ملیار دینار بووە.

بەم پێیەش بڕی تەمویلکراو بۆ مووچەی هەرێم لە ساڵی 2024 کەمترە لە کۆی تەرخانکراو بۆ مووچەی هەرێم لە بودجەی 2024 کە بە 11 تریلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن 235 هەزار دینار خەمڵێنرا بوو، لە کۆی زیاتر لە 95 تریلیۆن دینار تەرخانکراوی بودجە بۆ مووچەی هەموو موچەخۆرانی عێراق لە ساڵی 2024.

 

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment