ئەحمەد شەرع: حکوومەتێک پێکدەهێنین کە نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکان بکات

سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا ڕایگەیاند: وڵاتەکە لە دەست ڕژێمێکی تاوانبار ڕزگاری بوو، هەروەها لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی سووریا هەڵدەدەینەوە.
پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، دەستی ئاشتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین، هاوکات کاردەکەین بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی ڕاگوزەری گشتگیر.
سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، باسی لەوە کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێکهێنانی لێژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی ڕادەگەیەنین.
جەختی لەوەش کردەوە، خزمەتکاری سوورییەکانە نەوەک فەرمانڕەوایان. دەشڵێت: حکوومەتێک پێکدەهێنین کە نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکان بکات.
شەرع سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەنجوومەنێکی بچووککراو بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان پڕدەکاتەوە. گوتیشی: لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی سووریا هەڵدەدەینەوە.