لایەنگرانی ئێران لە عێراق، لە داواکارییان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا پاشگەز بوونەتەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەسۆشیەیتد پرێس, گرووپە سیاسییە لایەنگرەکانی ئێران لە عێراق، لە داواکارییان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق پاشگەز بوونەتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە کردووە، ئەو گرووپانە ئێستا لایەنگری مانەوەی سەربازیی ئەمەریکان لە عێراق.
دانوستانەکانی پێشوو
ساڵی رابردوو دانوستان سەبارەت بە پرۆسەی گواستنەوەی ئامادەبوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق کرا، لەوانەش هێزەکانی ئەمەریکا، لەسەر بنەمای هاوپەیمانی دژە-داعش و تێگەیشتنی دوو لایەنە لە نێوان حکوومەتی عێراق و هێزە دەرەکییە جیاوازەکان.
ئەو دانوستانانە بە بنەڕەتی لەسەر پرۆسەی گواستنەوە بوون، نەک کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، وەک کۆڵۆنێڵ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی دژە-داعش، بۆ کوردستان24ی ڕوون کردەوە.
هەرچەندە، ئێران و ئەو پارتە سیاسیانەی پشتگیرییان دەکرد، بە تایبەتی لە نێو ئەوەی پێی دەوترێت چوارچێوەی هەماهەنگی، هەوڵیان دەدا بابەتی گفتوگۆکان وەک کشانەوەیەکی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا نیشان بدەن؛ بەڵام ئەوە ڕاست نەبوو، لەوانەیە ڕێگایەک بووبێت بۆ زیادکردنی فشار لەسەر بەغدا بۆ سنووردارکردنی ئامادەبوونی سەربازی بیانی.
ئەو هەڵوێستە پێچەوانەی بۆ|چوونی کورد بوو و سەرکردایەتیی باڵای کورد دژی بوون، وەک سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا، ئەلینا ڕۆمانۆڤسکی، لە هاوینی 2024دا ڕوونی کردەوە، کاتێک سەردانێکی دەگمەنی بەغدای کرد.
ئێستا وا دیارە بەغدا گەیشتووەتە هەمان بۆچوونی کورد، وەک ئەوەی سەرۆک بارزانی بە ڕۆمانۆڤسکی گوت: مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ سەقامگیری وڵاتەکە زۆر گرنگە!
هەڵوێستی نوێ لە بەغدا، لەکاتێکدا ترەمپ ئاماژە بە دوودڵی دەکات
چەندین بەرپرسی عێراقی و ئەمریکی بە ئەسۆشیەیتد پرێسیان ڕاگەیاند "ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سووریا وای لە فراکسیۆنە هاوپەیمانەکانی ئێران لە نێو عێراقدا، کردووە دووبارە بیر لە گوشارەکانیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بکەنەوە".
ئەسۆشیەیتد پرێس گۆڕانی بۆچوونەکانی دەگەڕاندەوە بۆ "ئەو هێرشە خێرایەی یاخیبووە ئیسلامییە سوننەکان کە مانگی ڕابردوو ڕژێمی ئەسەدی ڕووخاند.
لەگەڵ ئەوەشدا، نیشانە سەرەتاییەکان لە ئیدارەی نوێی ئەمریکاوە سەبارەت بە ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا (سوریای ڕۆژهەڵات) ناڕوون بوون. ڕوون نییە کە ترەمپ دەیەوێت لە سووریا بمێنێتەوە.
لە خولی یەکەمیدا، ترەمپ سەرەتا سەرکەوتنی لە دژی داعش لە سووریا راگەیاند و فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای دەر کرد. ئەو بڕیارە هەڵەیە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری، جیم ماتیس.
فەرمانەکەی ترەمپ هەروەها دژایەتیی کەسایەتییە گرنگەکانی کۆماریی وروژاند، وەک سیناتۆر لیندسی گراهام (کۆماری لە ساوس کارۆلاینا)، دۆستێکی دێرینی کوردەکان، و ترەمپ زوو پەشیمان بووەوە.
ئەو مێژووە لە پشت پرسیارەکانی ئەم هەفتەیە بوو سەبارەت بە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لەسەر سووریا. ڕۆژی پێنجشەممە، پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا، و ئەو وەڵامی دایەوە:ئێمە لە سووریا تێوە نەگلاوین. سووریا لە ئاڵۆزی خۆیدایە. ئەوان بە ڕادەی پێویست ئاڵۆزییان هەیە لەوێ. پێویستیان بە تێوەگلانی ئێمە نییە.
وتەبێژی کۆشکی سپی، کارۆلین لێڤیت، رۆژی هەینی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیاری لێ کرا سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ. ئەو وەڵامی دایەوە کە ترەمپ "وەک فەرماندەی گشتیی سوپای ئەمریکا، مافی پێداچوونەوەی بە گەشتەکانی سەربازی لە دەرەوەی وڵات هەیە لە هەر کاتێکدا."
بەم شێوەیە، ڕوون نییە ترەمپ چ بڕیارێک دەدات.
ئەسۆشیەیتد پرێس نووسیویەتی "ڕووخانی ئەسەد - هاوپەیمانی ئێران - دەستی تارانی لە ناوچەکەدا لاواز کرد، گرووپە هاوپەیمانەکانی لە عێراق هەست بە لاوازی دەکەن." هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆرێک لە عێراق دەترسن داعش "بۆشایی ئەمنی" لەوێ "بقۆزێتەوە بۆ گەڕانەوە."
یەکێک لە ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا بە ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاندووە "گرووپە شیعە لایەنگرەکانی ئێران لایەنگیریی هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکان لە عێراق دەکەن و نایانەوێت بەهۆی ئەوەی لە سوریا ڕووی دا، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەربچن."
ئەسۆشیەیتد پرێس دووپاتیشی کردووە کە "چەندین بەرپرسی سیاسی و ئەمنی دیکەی عێراقیش هەڵسەنگاندنی هاوشێوەیان هەیە."
بەرپرسێکی پایەبەرزی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە "لە کۆبوونەوەیەکی حکوومەت لەم دواییانە، نووسینگەکەی بەڵگەی هێنایەوە کە 'لە بەرژەوەندیی عێراق نییە لەم کاتەدا داوای کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات."
ئەو بەرپرسە وتوویەتی کە "دەنگە بەرزەکان کە پێشتر باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق دەکرد بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە."