دادگای ورمێ سزای لە سێدارەدانی بۆ گەنجێکی کورد دەرکرد

گەنجێکی کوردی دانیشتووی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی ورمێ بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، لە کاتی خۆپیشانداندا، سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا و دوو گەنجی دیکەش سزای 10 تا 15 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، بڵاوی کردووەتەوە، پەژمان سوڵتانی 32 ساڵ، کە یەکێک بووە لە زیندانییە سیاسییەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەیلوولی 2022 لە شاری بۆکان، بە تاوانی کوشتنی "بەئەنقەست" ی یەکێک لە ئەندامانی بەسیج لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە گەنجانی پارێزگای ئورمیە سزای سێدارەی بۆ دەرکرا. 

هەر لەسەر ئەم دۆسیەیە، دوو تۆمەتباری دیکە، یەکێکیان بە ناوی ڕزگار بەگزادە بابامیری 47 ساڵ و سۆران قاسمی ناسراو بە "عەلی" 28 ساڵ بە تۆمەتی دەست هەبوون لە تاوانەکە، هەر یەکێکیان سزای 15 ساڵ و 10 ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی کاوە ساڵحی 42، ساڵ بێتاوان دەرچووە.

پژمان سوڵتانی لە 15ی نیسانی 2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستگیر کراوە .

 
 
 
Fly Erbil Advertisment