ترەمپ: دوای پلانەکەم غەززە دەبێتە موڵکی ئەمەریکا

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ئێستا کەرتی غەززە بۆ ژیانکردن شوێنێکی گونجاو نییە، هەروەها دوای پلانەکەم غەززە دەبێتە موڵکی ئێمە.
هەینی 21ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند: غەززە پێگەیەکی گرنگی هەیە نازانم بۆچی ئیسرائیل دەستبەرداری بووە.
ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کەرتی غەززە بۆ ژیانکردن شوێنێکی گونجاو نییە، هەروەها دوای پلانەکەم غەززە دەبێتە موڵکی ئێمە.
ئەمەش لەکاتێدایە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاندبوو، پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ غەززە، بە ئامانجی ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی نییە، بەڵکو بۆ دروستکردنی واقعێکی باشتر و ئاسۆیەکی فراوانترە بۆیان.
ئەو نوێنەرەی ترەمپ، ئاماژەی بەوە کرد، چانسێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ سەرکەوتنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە و دواتریش، ترەمپ ڕایدەگەیەنێت کە پلانی ئەمەریکا بۆ کەرتی غەززە باشترین بیرۆکەکانی جیهان بۆ بیناسازی لەوێدا کۆدەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی زێلێنسکییەوە گوتی: بەشداریکردنی زێلێنسکی لە دانوستانەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا و، پرۆسەی ئاشتی زۆر گرنگ نییە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر زێلێنسکی لە دانوستانەکان بەشدار بێت، ئەوا ئاستنەگ بۆ ڕێککەوتنی ڕاگرتنی جەنگ دروست دەکات.