پارتی و یهكێتی: درێژە بە کۆبوونەوەکانی نێوانمان دهدەین

هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی لە سلێمانی، کۆبوونەوەکەی نێوانیان بە ئەرێنی پێناسە کرد و بڕیاریاندا درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو.
شەممە 22ـی شوباتی 2025، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەخستنەڕوو و گفتوگۆکردنی ڕاپۆرتی لێژنەی هاوبەشی هەردوولا کە بریتی بوو لە؛ تێڕوانینی سیاسی و کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تر.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکەی نێوانیان ئەرێنی بووە، هەروەها سەرنج و تێبینی شاندی دانوستاندکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەبارەوە کرا .
هەردوو شاندی دانوستانکار بڕیاریاندا درێژە بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.