سه‌رچاوه‌یه‌ك: مووچەی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێ کێشە خەرج دەکرێت

ئاماده‌كاری بۆ ناردنی لیستی مووچه‌ی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ده‌كرێت، سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ ته‌مویلی مووچه‌ نییه‌.

شەممە 22ـی شوباتی 2025، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: له‌ دوو ڕۆژی داهاتوودا لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان‌ بۆ به‌غدا ده‌نێردرێت و هیچ کێشەیەکیش بۆ تەمویلی مووچە نییە.

بە پێی زانیارییەکان، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا ئەوەیە کە هەندێ لە فەرمانبەران خانەنشین بوونە، هەندێکی دیکەیان مۆڵەتی درێژخایەن و مۆڵەتی دایکایەتییان وەرگرتووە، هەندێکی دیکەشیان تازە دەست بەکار بوونەتەوە، ئەوەش گۆڕانکاری لە لیستتی مووچە دەکات.

کوردستان24 لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی، کە هیچ کێشەیەک بۆ ناردنی مووچە نییە و چونکە مووچەی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی کراوە بێ کێشە ڕەوانە بکرێت.

سەبارەت بە داواکارییەکانی تەیف سامی، ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئەوەی تەیف سامی کردوویەتی بۆ ئەوەی کە نەڵێن بۆچی ئەو داوایەی نەکردووە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان داوای ڕوونکردنەوەی لێ کرا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment