ئۆکرانیا ڕازیی بووە کانزا دەگمەنەکانی بدات بە ئەمەریکا

ئەمەریکا لەگەڵ ئۆکرانیا لە ڕێککەوتنێکی مێژوویی دەربارەی کانزا دەگمەنەکانی ئۆکرانیا، کە بەهاکەی سەدان ملیار دۆلارە، نزیک بووەتەوە.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاوی کردووەتەوە، بەگوێرەی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە، ئەمەریکا پابەند دەبێت لە پشتیوانیی ئۆکرانیا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان، لە بەرامبەردا دەبێت بگاتەوە ئەو وەبەرهێنانانەی کە پێشتر لە ئۆکرانیا کردوویەتی.

 دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی گفتوگۆی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا گوتی: بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆکرانیا لەسەر کانزا دەگمەنەکان زۆر نزیک بووینەتەوە.

پێشتر، حکوومەتی ئۆکرانیا دووپاتی کردبووەوە، دانووستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر پیدانی کانزا دەگمەنەکان بەرامبەر پاراستنیان، گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.

پێشبینی دەکرێت، بەم زووانە ڕێککەوتنەکە ئیمزا بکرێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێز کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، لەبوارەکانی پشتیوانی ئابووریی ئۆکرانیا و هاریکاریی سەربازی.

واشنتن هیواخوازە ئەم ڕێککەوتنە، یارمەتیدەر بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو پارە و کەرەستە سەربازییانەی لە سەرەتای شەڕی ڕووسیاوە بۆ ئۆکرانیا نێردراوە، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئابووریی ئۆکرانیا.
بەپێی زانیارییەکان، ڕێککەوتنەکە دامەزراندنی "سندووقی وەبەرهێنانی ئاوەدانکردنەوە" لەخۆدەگرێت، کە تێیدا بڕە پارەیەکی زۆر لە پڕۆژەکاندا وەبەردەهێنرێت لەوانە کانزا سرووشتییەکان و بەندەرەکان، هەروەها پڕۆژەکانی دیکە کە ئامانجیان بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووریی ئۆکرانیایە.

لە ڕەشنووسەکەدا، بەڵێنی سەربازی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا دیاری نەکراوە، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە ئۆکرانیا لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزرێت.  

ئۆکرانیا سامانێکی بەرفراوانی کانزای هەیە، کە بە 15تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، هەروەها 5%ی یەدەگی کانزای دەگمەنی جیهان هەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێگەی سەرنجی زلهێزەکانی جیهان.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment